لەگەڵ زیادبونى قەیرانى بەنزین لە هەرێمى کوردستاندا سەرۆکى ژورى بازرگانى سلێمانى ڕاى دەگەیەنێت لەماوەى ڕابردودا هۆشداریمانداوە لەسەر دروستبونى ئەم قەیرانە.
سیروان محەمەد سەرۆکى ژورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانى لە لێدوانێکدا ڕاى گەیاند” ئێمە بەرچاو ڕونیمان هەبووە کە ئەم قەیرانە هەرکاتێکبێت ڕودەدات کە ئێمە داوامانکردبوو بەنزینخانەى بازرگانى هەر بمێنێت باشترە بۆشارەکەمان”
وتیشى” ئێمە لەساڵى 2011 نوسراوێکى تایبەتمان ئاراستەى پارێزگارى سلێمانیکردووە کەوا پاڵاوگەیەکى نێودەوڵەتى دروستدەکەین بۆشارى سلێمانى کەدەبێتە دابینکەرى تەواوى سوتەمەنى کەلەگەڵ چەند کۆمپانیایەکى بیانى و ببێتە کۆمپانیایەکى پشکدار و هەموهاوڵاتیان تیایدا بەشدارى بکەن بەڵام وەزارەتى سامانە سروشتیەکان تەنها وەڵامى ئەوەیان داوەتەوە وتویانە ئەوەلەتوانى ئێوەدا نیە کە لەکاتێکدا ژورى بازرگانى چەندین کۆمپانیاى بیانى لەگەڵدایە بۆ ئەوکارە”
سەرۆکى ژورى بازرگانى سلێمانى ڕەخنەى لە وەزارەتى سامانەسروشتیەکانگرتو وتى” وەزارەتى سامانە سروشتیەکان هەربڕیارێک دەردەکات ناگەڕێتەوە بۆ وەرگرتنى ڕاى کەرتى تایبەت و ژورەبازرگانیەکان کە زۆرێک لە بڕیارەکانیان هەڵەیە چونکە ئەگەر لەم قەیرانانەدا ئێمەیان بانگهێشتبکردایە ئەمانتوانین چەندین چارەسەریان بۆبکەین و ئەم قەیرانە سوکبکەین لەسەر هاوولاتیان”
سیروان محەمەد داواشدەکات وەزارەتى سامانەسروشتیەکان دەسەڵات دابەزێنێت بۆپارێزگاکان تا پارێزگاکان خۆیان دەسەڵاتیان هەبێت بۆ هێنانەناوەوەى بانزین بەکوالێتى عێراقى.
ماوەى مانگێکە قەیرانى نەبونى بەنزین ڕوى لەهەرێمى کوردستانکردووە و وەزارەتى سامانە سروشتیەکانیش بۆجارێکی دیکە بڕیارى پێدانى بەنزینى بەکۆبۆن ڕاگەیاندەوە کە بۆ هەر هەفتەیەک 25 لیتر دەدرێت بە شۆفێر وەئەمەش نیگەرانى لاى شۆفێران دروستکردووە.
ز.ر