كۆمپانیایەكی یۆنانی داوای كردنەوەی پرۆژەیەكی شیرەمەنی دەكات

عه‌بدولستار مه‌جید وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو پێشوازی كرد له‌ مسته‌ر جۆرج لیۆسۆز به‌رێوه‌به‌ری سه‌وزه‌و میوه‌ له‌ كۆمپانیای ( یه‌لۆ وێت ) ی یۆنانی به‌ یاوه‌ریی سه‌لیم مه‌ناف به‌رێوه‌به‌ری به‌شی فرۆشتن له‌ كۆمپانیاكه.
 له‌ دیداره‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی دیوان و پلان و به‌دواداچوون باخداری و دارستان ئاماده‌ی بوون، سه‌ره‌تا باس له‌ چالاكییه‌كانی كۆمپانیاكه‌ كرا، كه‌ له‌ چه‌ندین وڵات چالاكی و پرۆَژه‌یان هه‌یه‌، به‌ تایبه‌تیش له‌ بواری دابین كردن و بازرگانی كردنی به‌روبوومی گه‌نم و جۆ و چه‌ندین جۆری سه‌وزه‌و میوه‌. 
شاندی میوان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌وان مه‌به‌ستیان دامه‌زراندی پرۆژه‌یه‌كی به‌خێوكردنی مانگایه‌ تاوه‌كو به‌روبوومی شیره‌مه‌نی بۆ كوردستان دابین بكه‌ن، له‌ لای خۆیه‌وه‌ وه‌زیری كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو وێڕای ده‌ستخۆشی كردن له‌م پێشنیاره‌ جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ بۆ به‌ ئه‌نجام گه‌یاندنی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ سه‌ردانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی سامانی ئاژه‌ڵ و ڤێته‌نه‌ری بكه‌ن و به‌ تێروته‌سه‌لی ئه‌م بابه‌ته‌ باس بكه‌ن و دواتر ره‌زامه‌ندی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان وه‌ربگرن بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه‌یان. هاوكات پێویسته‌ ئه‌و كۆمپانیایه‌ ناوی له‌ كۆمپانیا رێگه‌پێدراوه‌كانی رێكخراوی ( ئۆ ئای ئی ) هه‌بێت و به‌ پێی رێنماییه‌كانی ئه‌و رێكخراوه‌ كاربكات ئینجا وه‌زاره‌ت ئاماده‌یه‌ ئاسانكاری بۆ بكات و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵدا بكات.