بزانە پاریزگاری سلێمانی پیشنیاری چیدەکات بۆباشبونی بانزین

بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، هەندێك لە مەرجەكانی پێدانی بەنزین گرفتی بۆ هاووڵاتیان دروست كردووەو پێشنیار دەكات پەرلەمانتارانی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەكاندا چاو بەو مەرجانەدا بخشێننەوە.

پارێزگاری سلێمانی لەو رووەوە روونی كردەوە مەرجی پێدانی بەنزین بەو جۆرەی ئێستا و بەوەی ناوی خاوەن ئۆتۆمبێل لە سەر فۆرمی خۆراك هەبێت بۆ پێدانی كۆبۆن كێشەو گرفتی زۆر بە دوای خۆیدا دەهێنێت و بەشێكی بەرچاو لە شۆفێران بێ‌ بەش دەكات لە بەنزینی حكومی و پیشنیاری كرد چاو بەو مەرجەدا بخشێندرێتەوەو پشت بە فۆرمی خۆراك ببەسترێت یاخود ساڵنامەی ئۆتۆمبێل بە پێی پارێزگاكان بكرێتە پێوەر بۆ پێدانی كۆبۆن.

هەروەك پارێزگار رایگەیاند پشكی بەنزینی ئۆتۆمبێلی تەكسی و كرێ‌ لە ئاستی پێویستدا نییەو پێویستە میكانیزمی گونجاو چارەسەری ئەو بابەتە بكرێت بۆ ئەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتیانی كەمدەرامەت دروست نەبێت.

پارێزگاری سلێمانی داواشی كرد مۆڵەت بە بازرگانانی بەنزین بدرێت لەرێگەی سنورەكانی هەرێمی كوردستانەوە بەنزین بۆ كەركوك و ناوچەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم راوانە بكەن و هەمان مامەڵەی ناوچەكانی تری عیراق لەگەڵ ئەو ناوچانە نەكرێت.

هەروەك پارێزگار پێشنیاری كرد میكانیزمێك بدۆزرێتەوە بۆ پێدانی بەنزین بەو هاووڵاتیانەی كە فۆڕمی خۆراكیان ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمەو تابلۆی ئۆتۆمبێلەكانیان سلێمانییە لە سلێمانی نیشتەجێن.

ئەم پێشنیارانەی بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی لە میانی كۆبوونەوەیەكدا هات  لەگەڵ ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامیدا سەبارەت بە قەیرانی بەنزین و سوتەمەنی .

ز.ر