بازرگانی نێوان عێراق ـ ئێران گەیشتە نزیكەی 12 ملیار دۆلار

سەرۆكی ژووری بازرگانیی عێراق رایگەیاند، ساڵی رابردوو قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق ـ ئێران گەیشتە نزیكەی 12 ملیار دۆلار، هەروەها دەكرێت لە ساڵانی داهاتوو ئەم  رێژەیە بەرزترببێتەوە. دەشڵێت 50% ئەو بازرگانییە پشت بە بەرهەمە نەوتییەكان نابەستێت ئەمەش بۆ هەردوولا زۆر گرینگە.
جەعفەر حەمدانی، سەرۆكی ژووری بازرگانی عێراقی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: “لە كۆبوونەوەی نێوان ژووری بازرگانی عێراق و پاشكۆی بازرگانی لە باڵیۆزخانەی ئێران لە عێراق باس لە میكانیزمی كاراكردنی یاساكانی نێوان هەردوو وڵات كرا بە ئامانجی پەرەپێدانی بواری بازرگانی”.
لەبارەی بودجەی بازرگانیشەوە وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند “ساڵی رابردوو كۆی بەهای هەناردەكراو 94.2 ملیار دۆلاربووە، كۆی هاوردەش 56.2 ملیار دۆلاربووە، هاوكات تۆماری هەژماری ئێستا تەنیا 32 ملیار دۆلاری تۆماركردووە، لەكاتێكدا هەژماری ئێستای كۆی رێژەی بەرهەمی ناوخۆ گەیشتوەتە 12.88%.
نوورە سالم، ئەندامی لێژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق گوتی “بەهۆی رەوشی ئەمنی و راوەستانی هێڵی بازرگانی زەمینی نێوان عێراق ـ توركیا ـ سووریا ـ ئوردن، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق ـ ئێران زۆر بەرزدەبێتەوە”.
حكومەتی ئێران لە زاری یاریدەدەری سەرۆكی گرووپی (ئیران خودرو) بۆ پیشەسازی ئۆتۆمبێل، كردنەوەی كارگەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی ئێرانی راگەیاند، دەشڵێت ئەو گرووپە نزیكەی 20 هەزار ئۆتۆمبێل لە عێراق بەرهەمدێنێت و لە ناوچەی ئەسكەندەریەی باشووری شاری بەغدا بەهاوكاری كۆمپانیای (نەبع زەم زەم)ی عێراقی دادەمەزرێت و رۆژانە 60 ئۆتۆمبێلی جۆری (سەمند، سوورن و رانا) بەرهەم دێنێت.