بۆجاری شەشەم دراوەكەی گۆڕی

حكومه‌تی‌ كوه‌یت یه‌كشه‌ممه‌‌و یه‌كه‌م ڕۆژی‌ مانگی‌ ڕه‌مه‌زانی‌ پیرۆز، بڕیاریدا دراوی نوێ له‌سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ به‌كاربهێنێت.
به‌گوێره‌ی‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ هه‌واڵی‌ كوه‌یت، له‌كاتژمێر 12ی‌ نیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌وه‌، دراوی نوێی كوه‌یتی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ بانكی ناوه‌ند‌و بانكه‌كانی‌ تری‌ ئه‌و وڵاته‌وه‌ دابه‌شده‌كرێت، ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، ئه‌وه‌ بۆ شه‌شه‌مین جاره‌ ئه‌و وڵاته‌ جۆری‌ دراوه‌كه‌ی‌ ده‌گۆڕێت. 
 
سه‌رچاوه‌كانی‌ هه‌واڵ بڵاویانكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ هاوڵاتیانی‌ كوه‌یت‌و ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی‌ تر كه‌ له‌و وڵاته‌دان، به‌مه‌به‌ستی‌ وه‌رگرتنی‌ دراوی‌ نوێ، سه‌ردانی‌ بانكه‌كان ده‌كه‌ن. 
بانكی‌ ناوه‌ندی كوه‌یت ڕایگه‌یاند، بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ دراوی نوێی خستۆته‌ یه‌كه‌م ڕۆژی‌ مانگی‌ ڕه‌مه‌زانی‌ پیرۆزه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هاوكاری هاوڵاتیان بكات له‌بازاڕدا، له‌و ڕووه‌وه‌ كه‌ زۆرترین بڕی‌ پاره‌ له‌بازاڕه‌كاندا ده‌سته‌به‌ربێت. 
به‌گوێره‌ی‌ سه‌رچاوه‌كانی‌ هه‌واڵی‌ كوه‌یت، ئه‌وه‌ شه‌شه‌مین جاره‌ كوه‌یت دراوی‌ خۆی‌ ده‌گۆڕێت، دواهه‌مین جار له‌بیست ساڵی‌ ڕابردودا بوو.