پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت بۆ رێكخستنی دابەشكردنی بەنزین و رێگری لە سەرپێچی چەند رێوشوێنێكیان گرتووەتە بەر و هاوكات پشنیارێك بۆ چارەسەركردنی كێشەی بەنزین لە هەرێمی كوردستان دەدات بە لیژنەی سامانە سروشتیەكان لە پەرلەمانی كوردستان.
بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ چەند ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە لیژنەی سامانە سروشتیەكان،كە بەمەبەستی ئامادەكردنی راپۆرتێك لەسەر كێشەی بەنزین سەردانی پارێزگاریان كردبوو کۆبۆوە.
پارێزگار لەبارەی كێشەی كەمی سوتەمەنییەوە رایگەیاند دابینكردنی سوتەمەنی لە دەسەڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتیەكاندا و پارێزگاكان تەنیا دەسەڵاتی دابەشكردنیان هەیە و پێش ئەم قەیرانە پارێزگای سلێمانی رۆژانە نزیكەی 2 ملیون و 500 هەزار لیتر بەنزینی پێدەگەیشت بەڵام ئێستا ئەو بڕە بۆ 1ملیون و 200 هەزار كەمبووتەوە كە ئەمەش قەیرانی كەمی بەنزینی دروست كردووە.
پارێزگار ئاماژەی بۆ ئەوەكرد بۆ دابەشكردنی ئەو بڕە رێوشوێنی توندیان لە وێسگەكانی دابەشكردنی بەنزین گرتووەتە بەر و لە وێستگەكاندا كامێرای چاودێری و پۆلیس دانراوە بۆ رێگری لە هەر سەرپێچیەك.
وتیشی : بەهۆی سەرپێچیشەوە چەند بەنزینخانەیەك داخراون و دۆسیەكانیان ئاراستەی داواكاری گشتی كراوە.
پارێزگار ئاشكراشی كرد لەو بڕە بەنزینەی كە بۆ پارێزگای سلێمانی دێت پشكێكی دەدرێت بەهێزەكانی پێشمەرگە, بەڵام بڕیارە لەداهاتوودا وەزارەتی سامانە سروشتیەكان پشكێك لە وەزارەتەوە بۆ پێشمەرگە دابین بكات.
پارێزگار لەبارەی هێنانی بەنزین بەشێوەی بازرگانی رایگەیاند “لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەكانەوە رێوشوێنی نوێ دادەنرێت و هەر بازرگانێك مۆڵەت بۆ هێنانی بەنزین وەربگرێت دەبێت بەنزینەكە بەپێی كوالێتی بێت و سەرچاوەكەی ئاشكرا بێت و پشكنینی SGS بۆ بكرێت ئەوە كاتە مۆڵەتی پێ دەدرێت، بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی بازرگانی بە بەنزینی ناوخۆ نەكرێت”
پارێزگاری سلێمانی نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی لەماوەی رابردوودا مۆڵەتی دامەزراندنی پاڵاوگەی زیاتر نەدراوەو رایگەیاند زیاد لە 5 كۆمپانیای گەورە داوای مۆڵەتی دامەزراندنی پاڵاوگەیان كردووەو ئەوان بەرزیان كردووەتەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتیەكان.
پارێزگار پێشنیاری بۆ لیژنەی سامانە سروشتیەكان كرد كە هەوڵ بدەن مۆڵەت بدرێت بە كەرتی تایبەت بۆ دامەزراندنی پاڵاوتگەی سوتەمەنی بەمەرجی پەیڕەوكردنی ستانداردە جیهانییەكان و كوالێتی بەرز لە بەرهەمەكانیدا و چاودێریكردنی لەلایەن وەزارەتی پسپۆڕەوە.
پارێزگار كردنەوەی ژمارەیەكی زۆر پاڵاوتگە و بەتایبەت لەرێگەی كەرتی تایبەتەوە بە چارەسەری بنەبڕكەری كێشەی كەمی سوتەمەنی لە قەڵەم دا.
ز.ر