ژوری بازرگانی سلێمانی : هیچ قەیرانێك لە دەستكەوتنی خۆراك و كاڵاكاندا دروستنابێت

ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی هاوڵاتیان دڵنیادەكاتەوە كەبەهۆی بونی مەزەكانی هەرێمەوە، ئاڵۆزیەكانی عێراق هیچ قەیرانێك لە بازاڕەكانی هەرێمدا بۆ دەستكەوتنی خۆراك و كاڵاكان دروست ناكات.
سیروان محەمەد بە سایتی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی راگەیاند: لە ئێستادا بە هەماهەنگی لەگەل لایەنە پەیوەندیدارەكاندا چاودێری بازاڕەكان دەكەن و هەركاڵایەكیش كەمبێتەوە یان نرخەكەی بەرزبێتەوە لەرێگەی هاوردەكردنی لە خاڵە سنوریەكانی هەرێمەوە نرخەكەی دادەبەزێننەوە.
سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەشڵیت”سەرجەم هاوڵاتیانی هەرێم دڵنیا دەكەینەوە كە هیچ قەیرانێك لە دەستكەوتنی خۆراك وكاڵاو پێداویستییەكانیاندا دروستنابێت”.
سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رونیشیدەكاتەوە:” بە هەماهەنگی لەگەڵ قایمقام و كشتوكاڵی سلێمانی لەماوەی چەند رۆژی رابردودا تێبینی بەرزبونەوەی نرخی تەماتەیان كردوە ، بۆیە رەزامەندیان بۆ هاوردەكردنی هەر كاڵایەك وەرگرت كە پێویستی هاوڵاتیان بێت لە هەرێمدا”.
هاوكات سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی گیرانی رێگاكانی وشكانی بەهۆی ئاڵۆزیەكانی عێراقەوە بە هۆكاری كەمبونەوەی ئاستی بازرگانی لە مەرزی پەروێز خان دەگەرێنێتەوە كە زۆرینەی ئەو كاڵایەنەی لەو مەرزەوە هاوردەدەكرێن بۆ ئەو ناوچانەی عێراق دەنرێدرێن.
وتیشی:”بۆ ئەوەش ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی كار بۆ دۆزینەوەی رێگایەكی دیكە دەكات بۆ بازرگانان”.
ئا- بەهێز عوسمان