كار ئاسانی بۆ بازرگانەكان دەكرێت

بەمەبەستی رێكخستنی زیاتری بڕی ئەو خواردن و پێداویستیانەی كە دەهێندرێتە پارێزگای سلێمانی بە تایبەتی لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا و چاودێری كردنی زیاتر بازاِرەكان لە رووی جۆر و نرخەوە و هەروەها پاڵپشتی كردنی بەروبومی خۆماڵی لە دیوانی قائیمقامیەت ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی چاودێری كردنی بەروبومی ناوخۆی و دەرەكی و لێپسراوانی گومرگ و مەرزەكان و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان پارێزگای سلێمانی و بازرگاناندا كۆبوویەوە , 
لە كۆبوونەوەكەدا قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند لە پێناو دابین كردنی بڕی پێویستی هەموو جۆرەكانی خواردن و پێداویستیەكانی رۆژانەی هاوڵاتیان هاوكاری و كارئاسانی پێویست پێشكەش بە بازرگانەكان دەكرێت و ئاستەنگ و گرفتەكانیان بۆ چارەسەر دەكرێت , راشیگەیاند ئامادەكاری پێویستیان كردوە بۆ ئەوەی لە مانگی رەمەزاندا كە خواستێكی زیاتر لە سەر خواردن و پێداویستیەكانە لە بازاڕەكاندا بڕی پێویست دابین بكرێت , ووتیشی لەگەڵ هاوكاری كردنی بازرگانەكاندا پاڵپشتی تەواو لە بەرەوبومی ناوخۆی دەكرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ بەروبەومی دەرەكیدا پێكەوە تا ئاستێكی بەرچاو پێداویستیەكانی بازاڕ پڕبكرێتەوە ,
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا بەشداربوون تاوتوێی هاوردەكردنی ئەو خواردن و پێداویستیانەیان كرد كە لە رێگەی مەرزەكانەوە دەهێندرێتە سنوری پارێزگای سلێمانی و بڕیاردرا كە بەپێی پێداویستی رۆژانەی هاوڵاتیان رێگە بەهێنانەناوەی خواردن و پێداویستیەكان بدرێت , قائیمقامی سلێمانیش هەمووانی ئاراستەكرد كە هەموو كارئاسانی و پاڵپشتیەك پێشكەش بە بازرگانان و خاوەنی پڕۆژە خۆماڵییەكان بدەن بۆ ئەوەی بەهەوڵی هەمووان بڕی پێویستی خواردن و پێداویستیەكانی بازاڕ دابین بكرێت ,
ئاوات محەمەد راشیگەیاند هاوشێوەی هەموو مانگەكانی تر لە مانگی رەمەزانیشدا چاودێرییەكی ووردی بازاڕ دەكرێت و رێگە بە خواردن و كەرەستەی زیان بەخش نادرێت و هەروەها رێگەی تەواویش دەكرێت لە بەرزبوونەوەی نرخی كاڵا و شتومەك .