تورکیا بەنزین بۆ کوردستان دابین دەکات

وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند کۆمپانیای پاڵاوتنی نەوتی وڵاتەکەی TÜPRAŞ ئامادەیە بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات، بەڵام پێی وابوو ئەوە قورساییەکی زۆر بۆ سەر خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیل دروستدەکات.
تانەر یڵدز، وەزیری وزەی تورکیا لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یەکەیەکی بەرهەمهێنانی وزە لە شاری ئایدنی تورکیا، باسی لە زیادبوونی خواستی هەرێمی کوردستان کرد لەسەر بەنزین و ئەوەشی بەستەوە بە لەکارکەوتنی پاڵاوگەی بێجی بە هۆی هێرشی چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام. 
یڵدز ئاشکرایکرد کۆمپانیای پاڵاوتنی نەوتی تورکیا TÜPRAŞ ئامادەیە بەنزین بۆ کوردستان دابین بکات. بەڵام پێی وابوو ئەوە دەبێتە هۆی درووستبوونی قورساییەکی زۆر لەسەر خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیل.
وەزیری وزەی تورکیا ئەوەشی خستەڕوو، کە هەڵسەنگاندن لەگەڵ وەزارەتی گومرگی وڵاتەکەی دەکەن بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ رێکخستنی میکانیزمی گواستنەوەی بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان.