بڕیاری تایبەت بۆ سزادانی ئەو بازرگانانەی لەرەمەزاندا نرخ بەرزدەكەنەوە

بەڕێوەبەری چاودێری  بازرگانی سلێمانی رایدەگەیەنێت بەردەوامن لە چاودێری كردنی نرخ لە بازاڕەكاندا و بڕیاری تایبەتیشیانان هەیە بۆ سزادانی ئەو كەس و بازرگانانەی لەبۆنەكان بە گشتی و مانگی ڕەمەزان بەتایبەتی نرخی كاڵا و شمەكەكان بەرزدەكەنەوە،دەشڵێت لەكاتی سەرپێچی لەو شێوەیەدا بەداخستنی شوێنەكەی بۆ ماوەی سێ‌ رۆژ بە لافیتەوە و سزادانی سەرپێچیكارەكەدا تەواودەبێت و هەر بازرگانێكیش هەوڵی بەرزكردنەوەی نرخ بدات سزادەدرێت.
سۆران عەبدول غەفور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بە سایتی ژوری بازرگانی سلێمانی راگەیاند: بەردەوام چاودێری نرخەكان دەكەن لە بازاڕەكاندا و ئەگەر لەلایەن هەر بازرگانێكەوە نرخی شتومەك بەرز بكرێتەوە سزادەدرێت و دوكانەكەی دادەخرێت.
لەبارەی قەدەغەكردن و بەرزبونەوەی نرخی سەوزە و میوەوە ئاماژەی بەوەكرد، لە ئێستادا هاوردەكردنی 20 جۆر سەوزەو میوە بۆ ناو بازاڕەكانی هەرێم قەدەغەكراوەو هەر لەبەر ئەوەش نرخی تەماتە بەرێژەیەكی بەرچاو بەرز بۆوە، بۆیە لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڕیاری هاوردەكردنی تەماتە بۆ ماوەیەك درێژكرایەوە تاكو بەرهەمی ناوخۆی پێدەگات.
 
 
 
ئا- بەهێز عوسمان