عیراق..كۆمپانیاكان دەكشێنەوە

تێكچوونی بارودۆخی ئاسایشی عیراق، كە كەناڵەكانی راگەیاندن بەناجێگیر وەسفی دەكەن، چونكە ‏حكومەتی بەغدا توانای كۆنترۆڵكردنی ئاسایشی ناوخۆی لەچەندین ناوچەی جیاجیا لەدەست داوە‌و ‏هۆكارەكەشی هێرشی گروپی چەكداریی (داعش)ە بۆ سەر چەند شارێك لەباكوور‌و ناوەڕاستی ‏عیراق، بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهاندا بەڕادەیەك كە لەماوەی نۆ ‏مانگی رابردوودا بەخۆیەوە نەدیوە، هەروەها نرخی دینار لەبەرامبەر دۆلاردا دابەزی‌و نیگەرانی‌و ‏مەترسییەكانی داعش بانكی ناوەندی عیراقیشی گرتۆتەوە، هاوكات نرخی شمەكی خۆراكی‌و غازی ‏چێشتلێنان لەناو بەغدای پایتەختدا بەرز بۆتەوە.‏
كاریگەری لەسەر نرخی نەوت
نرخی گرێبەستە پاشینەكانی نەوتی جۆری (برنت) لەبازاڕی جیهانیدا بەرز بۆوە بۆ زیاتر لە 114 ‏دۆلار، ئەم بەرزبوونەوەیەش تائەو ئاستە، لەماوەی نۆ مانگی رابردوودا یەكەم جارە رووبدات‌و ‏هۆكارەكەی ئەوەیە پسپۆڕانی بوارەكە ترسیان هەیە كردەوە توندوتیژییەكانی داعش كاریگەری ‏هەبێت بۆ سەر كەمكردنەوەی ئاستی هەناردەی نەوتی عیراق كە یەكێكە لەوڵاتە گەورەكانی بواری ‏هەناردەكردنی نەوت. ‏
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵەدا ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی رایگەیاند، كە رووداوە ‏توندوتیژییەكانی ئەم چەند رۆژەی رابردووی عیراق كاریگەییەكی ئەوتۆی نابێت لەسەر ‏هەناردەكردنی نەوت، چونكە لەباشووری عیراق هەناردەی نەوت لەزیادبووندایە‌و ئێستا عیراق ‏رۆژانە 3,33 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت.‏
بەهای دیناریش دادەبەزێت
هاوكات بەهۆی پەرەسەندنی توندوتیژییەكانەوە، جموجۆڵێكی نائاسایی لەبازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی ‏ناو شاری بەغدا بەدیدەكرێ، (رامی ئەلكوبەیسی) خاوەنی نووسینگەیەكی ئاڵوگۆڕی دراوە دەڵێ: ‏بەشێكی زۆر لەبازرگانان دەستیان كردووە بەدۆلار كڕین‌و هەوڵ دەدەن بەزووترین كات پارەكەیان ‏بكەن بەدۆلار، ئەوەش وایكردووە خواست لەسەر دۆلار زیاد بكات‌و نرخەكەشی 12 پۆینت زیادی ‏كردووە، چاودێرانی ئابووریش لەو باوەڕەدان، ئەگەر بارودۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت‌و ‏ئاسایی نەبێتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە نرخی دینار بەرامبەر بەدراوە بیانییەكان‌و بەتایبەت ‏بەرامبەر بەدۆلار زۆر دابەزێت.‏
گرانیی بازاڕی سەوزە‌و میوە
عەلی غەزال پسپۆڕی ئابووری بەسایتی (وای نیوز)ی راگەیاند، هەر جۆرە تێكچوونێكی بارودۆخی ‏سیاسی‌و ئەمنی كار دەكاتە سەر بازاڕی ناوخۆ‌و دەرەوە، ئاماژەی بەوەشكرد، لەئێستاوە بازاڕی ‏ناوخۆی عیراق كوتهێنانی پێوە دیارە‌و هەندێك شمەك‌و پێداویستی خۆراكیی بەتایبەت ئەوانەی ‏لەدەرەوە هاوردە دەكرێن كەمبوونەتەوە، ئەوەش وایكردووە نرخی ئەو شمەكانە بەرزبێتەوە. ‏
نرخی سەوزە‌و میوە لەناو بازاڕی بەغدا بەڕێژەی 40% بەرز بۆتەوە، چونكە جموجۆڵی بازرگانی ‏لەنێوان بەغدا‌و شارەكانی باكووری عیراقدا وەستاوە، هەروەها جموجۆڵی بازرگانی لەدەروازەی ‏سنووری (ترێبیل) وەستاوە كە 50%ی پێداویستییەكانی ناوخۆی عیراق لەو سنوورەوە دێت، جگە ‏لەوەش لەهەندێك گەڕەكی شاری بەغدا نرخی سووتەمەنی بەرزبۆتەوە‌و بتڵێك غازی چێشتلێنان ‏كە پێشتر بەشەش هەزار دینار بوو، دوو بەرامبەر زیادی كردووە‌و گەیشتۆتە 12 هەزار دینار.‏
هاووڵاتیان داوای چارەسەر دەكەن
هاووڵاتیانی بەغدا داوا لەدەسەڵاتداران دەكەن چارەسەرێك بۆ ئەو گرانییەی بازاڕ بدۆزنەوە‌و ‏مەترسی ئەوەشیان هەیە رۆژ بەرۆژ بارودۆخەكە خراپتر بێت، لەبەرامبەردا سەعد سادر سەرۆكی ‏لیژنەی وزە لەئەنجومەنی پارێزگای بەغدا لەوبارەیەوە بەڕۆژنامەنووسانی راگەیاند، كەسانێكی ‏نەفس نزم نرخی غازیان بەرز كردۆتەوە بەبیانووی ئەوەی گوایە غاز كەمە‌و بەش ناكات، ئەم ‏قسەیە راست نییە‌و تائێستاش بەرهەمهێنانی سووتەمەنی لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە هیچ ‏كەموكووڕییەكی تێدا نییە.‏
مەترسی بۆسەر پارەی یەدەكی عیراق
هەر لەگەڵ تێكچوونی بارودۆخەكەدا‌و بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستبەسەرا گرتنی سەدان ملیۆن ‏دۆلار لەبانكی موسڵ لەلایەن گروپی (داعش)ەوە، هەواڵێك بڵاو بۆوە كە بانكی ناوەندی عیراق ‏لەترسی داعش هەرچی پارەی یەدەكی هەیە گواستوویەتەوە بۆ ناوچەی سەوز لەبەغدا، بەڵام بانكی ‏ناوەندی عیراق لەبەیاننامەیەكدا ئەو هەواڵەی رەتكردەوە‌و جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە ‏پارەی یەدەكی عیراق، لەناو بانكی ناوەندیدا نییە تابیگوێزێتەوە بۆ ناوچەی سەوز، بەڵكو پارەی ‏یەدەكی عیراق لەبانكەكانی دەرەوەی وڵاتدایە‌و تائێستاش بەدەست لێنەدراوی ماوەتەوە‌و هیچی لێ ‏رانەكێشراوە.‏
كۆمپانیاكان دەكشێنەوە
نیگەرانی‌و مەترسییەكانی شەڕ، بەتەنها بازاڕی ناوخۆی عیراقی نەگرتۆتەوە، بەڵكو كاریگەی بۆسەر ‏كەرتی وەبەرهێنان‌و پڕۆژە‌و كارەكانی هەموو ئەو كۆمپانیا بیانیانەش دەبێت، كە لەعیراقدا كار ‏دەكەن، لەو چوارچێوەیەدا كۆریای باشوور داوای لەبەڵێندەرەكانی خۆی كردووە، بەتایبەت ئەوانەی ‏لەو ناوچانەدا كار دەكەن، كە شەڕی تێدایە، عیراق جێبهێڵن لەبەر سەلامەتی خۆیان. بەپێی ‏هەواڵێكی سایتی (واخ) بەرپرسانی كۆریای باشوور لەڕێگەی یەكێتی بەڵێندەرانی جیهانییەوە نامەی ‏ئاراستەی كۆمپانیا‌و بەڵێندەر‌و كارمەندانی خەڵكی وڵاتەكەی كردووە‌و داوای لێكردوون هەردوو ‏پارێزگای موسڵ‌و سەڵاحەدین جێبهێڵن، هەرچەندە بەرپرسانی كۆریای باشوور دەڵێن، ئێستا هیچ ‏پڕۆژەیەكیان نییە لەو پارێزگایەدا لەبواری جێبەجێ كردندا بێت، بەڵام 46 كارمەند‌و كرێكاری ‏لەو دوو پارێزگایەدا هەیە كە سەر بە 12 كۆمپانیای بواری بیناسازین.‏
بارودۆخی عیراق ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، رووبەڕووی شكست‌و داڕمانێكی ئابووری قورس ‏دەبێت، چونكە عیراق هێشتا ژێرخانی ئابوورییەكەی بنیات نەناوەتەوە‌و سەدان پڕۆژەی بواری ‏خزمەتگوزاریشی لەچاوەڕوانی جێبەجێ كردندایە، هێشتا دەیان كێشەی وەك كەمیی كارەبا‌و ‏ژمارەیەكی زۆر لەبێكاران‌و بەرزیی رێژەی هەژاریی‌و خراپی كەرتی تەندروستی كێشەی ‏نیشتەجێبوون‌و زۆری تریش بەچارەسەر نەكراوی ماونەتەوە.‏
 
كوردستانی نوێ‌