سەرۆكی دەستەی كارگێڕیی كۆمپانیای گەنەل ئێنرجیی كە ئێستا لە دوو كێڵگەی نەوتیی لە هەرێمی كوردستان كار دەكا رایگەیاند: سەرباری شەڕ و ئاڵۆزییەكان لە عێراق، هێشتا كاری دەرھێنانی نەوت لە ھەرێمی كوردستان بەردەوامە و ئاستی بەرهەمهێنانیش لە زیادبووندایە.
بەگوێرەی لێدوانی محەمەد سەپێل سەرۆكی دەستەی كارگێڕیی كۆمپانیای گەنەل ئێنرجی، رووداوەكانی پارێزگای موسڵ و زاڵبوونی چەكدارانی داعش بەسەر بەشێكی زۆر لە ناوچە سوننەنشین، كاریگەریی لەسەر ئاستی هەڵگۆزینی نەوت و غاز لە هەرێمی كوردستان نەبووە، بگرە ئاستی بەرهەمهێنانیش زیادیكردووە.
سەپێل بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: “لەو دوو حەفتەیەی شەڕ و ئاڵۆزیی لە عێراق پەرەی سەندووە، بەڵام كاری دەرھێنانی نەوت و غاز لە ھەرێمی كوردستان بەردەوامە و ئاستی بەرهەمهێنان لە زیادبووندایە. ئێستا نەك تەنیا وكو رابردوو نەوت دەردەھێنین، بەڵكو رێژەی دەرھێنانی نەوت لە ھەرێمی كوردستان زیادیكردووە و حاڵی حازر ھیچ ھەڕەشەیەك لەسەر كەرتی نەوت و غازی ھەرێمی كوردستان لە ئارادا نییە.”
كۆمپانیای گەنەل ئێنرجیی توركی ساڵی ٢٠١١ لەگەڵ كۆمپانیای ڤالارەسی بەریتانی یەكیان گرت و ناوی گەنەل ئێنرجی-پی ئای سی لێنرا، یەكەمین كۆمپانیای توركییە كە لە بۆرسەی لەندەندا پشكی ھەیە و بەھۆی كار و چالاكییەكانی لە بواری دۆزینەوە و دەرھێنانی نەوت لە ھەرێمی كوردستان، ناوبانگی هەیە.
كۆمپانیاكە خاوەنی ٤٤%ی پشكی كێڵگەی نەوتی (تەق تەق-پارێزگای هەولێر) و ٢٥%ی پشكی لە كێڵگەی نەوتی (تاوك- پارێزگای دهۆك)ە.
لەو دوو كێڵگە نەوتییە مەزەندە دەكرێ ١.٣ ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگ ھەبێ. دەگوترێ رەنگە ئەو رێژەیە بۆ ١.٨ میلیار بەرمیل بەرز ببێتەوە.
ھەر لە بارەی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە و كاریگەرییەكانی لەسەر پرسی دەرھێنانی نەوت، ستێڤ ھانكە، مامۆستای بەشی ئابووریی لە زانكۆی جۆھانس ھۆپكینس بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: “راستە لە ناوچەكەدا ئەڵۆزیی و مەترسی ھەیە، بۆیە پێشبینی كردن تۆزێك ئەستەمە، عێراقییەكانیش نازانن تا كۆتایی ھاوین چییان بەسەردێ، بەڵام ھەر چەند لە نێو رەوشێكی ئاڵۆزیشدا بن ئەوا بەردەوام دەبن لەسەر بازرگانیكردن لەگەڵ توركیا.”
لە لایەكی دیكە وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەكانی توركیا تانەر یڵدز رۆژی یەكشەممە رایگەیاند: ئێستا رۆژانە ١٠٠ تا ١٢٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە ھەرێمی كوردستانەوە رەوانەی بەندەری جەیھان دەكرێ و گۆڕانكاریی بەسەر بەرنامەی ھەناردنی نەوتی كوردستاندا نەهاتووە.