فڕۆكه‌كانی ئیسرائیل باره‌گای حكومه‌ت له‌ كه‌رتی‌ غه‌زه‌ خاپوور ده‌كه‌ن

هێرشه‌ی‌ ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌زه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌و سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ فڕۆكه‌كانی ئیسرائیل ژماره‌یه‌ك موشه‌كیان ئاراسته‌ی باره‌گای سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی له‌سه‌ركارلابراوی فه‌له‌ستین كرد له‌كه‌رتی غه‌زه‌و به‌هۆیه‌وه‌ به‌ته‌واوه‌تی باره‌گاكه‌ خاپوور بوو.
هه‌ر له‌و هێرشه‌ ئاسمانییه‌دا چه‌ند ماڵ و باڵه‌خانه‌ی نزیك له‌شوێنی ڕووداوه‌كه‌ زیانیان به‌ركه‌وت و ژماره‌یه‌ك هاوڵاتیش برینداربوون.
پێشتریش فڕۆكه‌كانی ئیسرائیل بنكه‌ی سه‌ره‌كی پۆلیسی له‌ خۆرئاوای شاری غه‌زه‌ به‌سه‌ختی بۆردومانكردبوو. 
هه‌روه‌ها حكومه‌تی ته‌ل ئه‌بیب 75 هه‌زار سه‌ربازی یه‌ده‌گی بۆ خزمه‌تی سه‌ربازیی بانگهێشت كردۆته‌وه‌، كه‌ به‌وته‌ی پسپۆڕانی سه‌ربازیی ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هێرشی وشكانی بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌زه‌.
له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌زه‌، 39 فه‌ڵه‌ستینی كوژراون و نزیكه‌ی 300 ی تریش برینداربوون، له‌به‌رامبه‌ریشدا چه‌كداراه‌ فه‌ڵه‌ستینییه‌كان سه‌دان موشه‌كیان ئاراسته‌ی شارو شارۆچكه‌كانی ئیسرائیل كردووه‌، كه‌ یه‌كێك له‌ موشه‌كه‌كان گه‌یشتۆته‌ ته‌ل ئه‌بیب پایته‌ختی ئیسرائیل.