قه‌زای‌ سۆران: پڵنگێك ژه‌هرخوارد ده‌كرێت‌و ده‌كوژرێت

له‌ گوندێكی‌ سه‌ر به‌ قه‌زای‌ سۆران به‌هه‌ڵه‌ پڵنگێكی‌ نێر ده‌كوژرێت، كه‌ ته‌مه‌نی‌ نزیكه‌ی‌ شه‌ش بۆ هه‌شت ساڵ ده‌بێت، به‌رپرسی بنكه‌ی‌ ڤێتێرنه‌ری‌ قه‌زاكه‌ش پێشبینی ده‌كات، پڵنگی‌ زیاتر له‌ سنووره‌كه‌یاندا، بوونی‌ هه‌بێت. 
 د.سه‌یداوان عومه‌ر، به‌رپرسی بنكه‌ی‌ ڤێتێرنه‌ری‌ سۆران، رایگه‌یاند: “شه‌وی‌ رابردوو له‌ نزیك گوندی‌ سیتكان سه‌ر به‌ قه‌زای‌ سۆران، پڵنگێك به‌ كوژراوی‌ دۆزرایه‌وه‌”.
ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو، كه‌ كوشتنی‌ ئه‌و پڵنگه‌ به‌ ژه‌هراویكردن بووه‌، وتیشی:”چه‌ند جارێك ئاژه‌ڵی‌ گۆشتخۆر هاتووه‌ته‌ سه‌ر رانه‌مه‌ڕی‌ ئه‌و گوندانه‌، بۆیه‌ وایانزانیوه‌ گورگه‌‌و به‌مه‌به‌ستی‌ كوشتنی‌ ده‌رمانی‌ ژه‌هراویبوونیان كردووه‌ به‌سه‌ر گۆشتدا و وه‌ك داوێك بۆ ئاژه‌ڵه‌ هێرشبه‌ره‌كه‌ دایانناوه‌”.
به‌رپرسی بنكه‌ی‌ ڤێتێرنه‌ری‌ سۆران، وتیشی:”دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ گۆشته‌ ژه‌هراوییه‌كه‌ ده‌خوات، پڵنگه‌كه‌ گیانله‌ده‌ستده‌دات‌و دواتر لاشه‌كه‌ی‌ ده‌دۆزرێته‌وه‌و ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ پڵنگێكی‌ نێره‌”.
پڵنگه‌ كوژراوه‌كه‌ ته‌مه‌نی‌ له‌ نێوان شه‌ش بۆ هه‌شت ساڵ ده‌بێت‌و به‌رزییه‌كه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ (70)سه‌نتیمه‌تر‌و  درێژییه‌كه‌شی‌ نزیكه‌ی‌ (136) سه‌نتیمه‌تر بووه‌، د. سه‌یداوان، وتیشی:”پێشبینی ده‌كه‌ین پڵنگی‌ دیكه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا بوونی‌ هه‌بێت”.
سەرچاوە : خەندان