بزانە مۆندیال چ سودێكی ئابوری بە بەڕازیل دەگەیەنێت ؟

مۆندیالی 2014 دەرفەتێكی باش دەبێت بۆ گەشەكردنی جموجۆڵی بازاڕ‌و چالاكی ئابووری ‏لەبەرازیل، لەبەرئەوە حكومەتی بەرازیل پێشبینی دەكات تەنیا لەداهاتی كەرتی ‏گەشتوگوزاریدا‌و بەهۆی مۆندیالی ئەمساڵەوە 10,9 ملیار دۆلار قازانج بكات، دەستەی ‏گەشتوگوزاری ئەو وڵاتەش پێشبینی دەكات زیاتر لە 600 هەزار گەشتیاری بیانی سەردانی ‏وڵاتەكەیان بكەن بۆ بینینی یارییەكانی جامی جیهانی 2014 جگە لەگەشتیاری بیانیش، ‏چاوەڕوان دەكرێت سێ ملیۆن هاووڵاتی بەرازیلیش سەردانی ئەو شارانە بكەن كە یارییەكانی لێ ‏بەڕێوەدەچێت.‏
گەشتیارە ناوخۆییەكان زیاترن
هەر ئەو پێشبینیانە ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن، كە گەشتیارە ناوخۆییەكان نزیكەی هەشت ملیار ‏دۆلار خەرج دەكەن بۆ خواردن‌و خەوتن‌و مانەوە لەكاتی یارییەكاندا‌و گەشتیارە بیانییەكانیش ‏سێ ملیار دۆلار بۆ هەمان مەبەست خەرج دەكەن. بەشێكی زۆریش لەهاووڵاتیانی ئەو وڵاتە ئەو ‏هەلە دەقۆزنەوە‌و داهاتێكی باش پەیدا دەكەن، چونكە بەهۆی بوونی ئەو ژمارە زۆرەی ‏گەشتیارانەوە دوكان‌و بازاڕ‌و هۆتێل‌و چێشتخانەكانی ئەو وڵاتە رێژەی فرۆشیان زۆر بەرز ‏دەبێتەوە.‏
هاوكات بەر لەدەستپێكی یارییەكانی جامی جیهانی 2014 لەڕیۆدی جانیرۆی بەرازیل، ‏كۆمپانیاكانی بواری ئاسایش كێبڕكێ لەسەر بەدەستهێنانی گرێبەستی پاراستنی بەشێك، یان ‏لایەنێك لەیارییەكە دەكەن، لەبەرئەوەی كە بەرازیل یەكێكە لەو وڵاتانەی رۆژانە تاوانی كوشتنی ‏تێدا ئەنجام دەدرێت، دابینكردنی ئاسایش‌و ئارامی لەو رۆژانەدا كە یارییەكانی تیدا ‏بەڕێوەدەچێت، كارێكی زۆر ئەستەمە، هەر لەبەر ئەوەشە كە ئەم ماوەیە گەرمەی بازاڕی ‏كۆمپانیاكانی بوارەی ئاسایشە.‏
كۆمپانیای بچووك‌و كاری گەورە
كۆمپانیای (مانتۆنیگرۆ سێرڤیكۆس)، یەكێكە لەكۆمپانیاكانی ئەو بوارە‌و كۆمپانیایەكی ‏بچووكە‌و (ماركۆس ئۆلیڤا)ی تەمەن 45 ساڵ، لەساڵی 2002دا دایمەزراندووە، گرێبەستێكی ‏بەدەست هێناوە بۆ پاراستنی ئاسایشی لایەنێك لەجامی جیهانی ریۆدی جانیرۆ، بەپێی ‏گرێبەستەكەشی بڕیارە هەزار كارمەندی تایبەت بۆ پاڵەونێتییەكە بنێرێت كە ماوەی یەك مانگ ‏دەخایەنێت.‏
هەرچەندە (مانتۆنیگرۆ سێرڤیكۆس) كۆمپانیایەكی بچووكە، بەڵام لەسەر ئاستی بەرز ‏كاردەكات‌و مامەڵەكانیشی لەگەڵ لایەن‌و رێكخراوە زۆر بەرزەكاندایە، وەك یەكێتیی تۆپی پێی ‏جیهانی كە بە(فیفا) ناسراوە، هەروەها مامەڵەی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی باڵادایە كە ‏لەئوسترالیا‌و فەرەنساوە هاتوون‌و بەشداری لەمۆندیالەكەدا دەكەن. ئەو گرێبەستەشی كە لەگەڵ ‏‏(فیفا)دا ئەنجامی داوە، بۆ پاراستنی ناوچەی (ڤان فێست)ە لەكەنارەكانی (كوباكابانا)ی شاری ‏ریۆدی جانیرۆ، لەبەر ئەوەی ئەو ناوچەیە زۆر قەرەباڵغ دەبێت‌و لەوێوە‌و لەڕێگەی شاشەی ‏گەورەی تەلەفزیۆنەوە سەیری یارییەكان دەكەن.‏
هەلی كاری زۆر
ماركۆس ئۆلیڤا بەرپرسی كۆمپانیای (مانتۆنیگرۆ سێرڤیكۆس) لەبارەی گرنگی یارییەكانەوە بۆ ‏كۆمپانیاكەیان‌و رەخساندنی هەلی كارەوە رایگەیاند، ئەم پاڵەوانێتییە رووداوێكی زۆر گەورەیە بۆ ‏ئێمە، چونكە دەرفەتی زۆر بۆ كاركردن دەكرێتەوە‌و داواكاریش لەسەر كار زۆر دەبێت، ئەوەش ‏دەرفەتی باش بۆ كۆمپانیاكەمان دەڕەخسێنێت بۆ فراوان بوون‌و گەشەكردن، هەروەها ‏دەرفەتێكیشە بۆئەوەی تواناكانی خۆمان پیشان بدەین.‏
ئۆلیڤا ئاماژەی بەوەشكرد، پێشبینی دەكرێت لەماوەی بەڕێوەچوونی یارییەكانی جامی جیهانیدا ‏لەڕیۆدی جانیرۆ هەلی كار بەڕێژەی 50% بۆ 60% بەرزبێتەوە‌و گەشە بكات، لەهەمان كاتدا ‏داواكاریش لەسەر كار زۆرە، تەنها ئەوە دەمێنێتەوە كە ئێمەش باشترین خزمەتگوزاری پێشكەش ‏بكەین.‏
خەرجی حكومەتیش زۆرە
حكومەتی بەرازیل لەماوەی ئەو مۆندیالەدا خەرجییەكانی پاراستنی ئاسایشی بەرز دەبێتەوە بۆ ‏یەك ملیار‌و 900 ملیۆن ریالی بەرازیلی كە دەكاتە 860 ملیۆن، چونكە 150 هەزار پۆلیس ‏بەكار دەهێنێت بۆ دابینكردنی ئاسایشی یارییەكان، جگە لەو ژمارە پۆلیسەش، حكومەت ناچارە ‏پەنا بباتە بەر دوو هەزار كۆمپانیای وەك (مانتۆنیگرۆ سێرڤیكۆس) بۆ ئەوەی بەسەر ‏بارودۆخەكەدا زاڵ بێت‌و ئاسایشی یارییەكان بەتەواوی بپارێزێت.‏
كوردستانی نوێ‌