تانەر یڵدز وەزیری وزەو سامانە سروشتیەکانی تورکیا، لە رێوڕەسمی رۆژی نەتەوەیی لە باڵیۆزخانەی روسیا لە ئەنقەرە رایگەیاند: خراپی دۆخی ئەمنی عێراق و ئەو ناوچانەی کە داعش کۆنترۆڵی کردوون ھیچ کاریگەریەک لەسەر وزەی کۆکراوەی تورکیا نییەو بەردەوامن لە وەرگرتنی نەوتی خاو لە ١٣ وڵاتی جیاوازەوە.
یڵدز ئاماژەی بەوەشدا کە، دوێنێ ١٢٠ ھەزار بەرمیل نەوتی خاوی ھەرێمی کوردستان رەوانەی تورکیا کراوەو ئاشکراشی کرد کە گواستنەوەی نەوتی ھەرێم بەشێوەی ئاسایی خۆی بەردەوام بووەو ھیچ کێشەیەکی تێدا نییە، ئاشکرایکرد: تورکیا گرنگی دەدات بەشێوازی دابەشکردنی داھات بەسەر سەرجەم گەلی عیراقدا بەو شێوەیەی خۆیان دیاریان کردووە، ئەم نەوتە بەرھەمی عێراقەو لەڕێی تورکیاوە دەگوێزرێتەوەو لە بازارەکانی جیھاندا دەفرۆشرێت.