هەمووتان لەناوشاردا چاوتان بە ئۆتۆمبێلی سێ تایەیی جۆربەجۆر كەوتووە، بەڵام كەستان نموونەی كۆنسێپتە نۆێیەكەی تۆیۆتا بەناوی (i-Road)تان نەبینیوە، ئەم نموونە كۆنسێپتە سەرنجڕاكێشە، ئۆتۆمبیلێكی كەسی یان(PMV)یە، بۆ هەڵگرتنی دوو كەس دیزایینكراوەو كەسی دووهەم لەپشت سەری شۆفیردا دادەنێشێت.
لەوانەیە زۆربەتان وابزانن ئەم جۆرێك ماتۆڕسیكلێتی سەرداخراوە، بەڵام لەبیرتان نەچێت لێخۆڕینی ئەم ئۆتۆمبیلە پێویستی بەكڵاوی پارێزگاریو مۆڵەتی لێخۆڕینی ماتور سیكلێت نییە، سەرنجڕاكێشتر ئەوەیە بەسادەیی دەتوانێت لەلۆفەكاندا لەلایەكی جادەكەوە بچەمێتەوەو بێئەوەی هاوسەنگییەكەی تێكبچێت، بگەڕێتەوە دۆخی ستوونی. (i-ROAD) ئەم تایبەتمەندییەیی بەهۆی ژیرسكۆپو سیستمی راگرتنی هاوسەنگییەوەیە.
وزەی ئەم ئۆتۆمبیلە تەواو كارەباییە، بەهۆی بزوینەرێكی (5)ئەسپی هەڵمییەوە دابیندەبێت، ئەم ئۆتۆمبیلە بەهۆی باتری (لیسیۆم-ئایۆنەوە)دەتوانێت تاوەكو (50)كیلۆمەتر بڕوات، دروستكەرانی دەڵێن بۆ پڕكردنەوەی باترییەكەی تەنها پێویستە سێ كاتژمێر بدرێت لەكارەبای ماڵەوە، كە ئەمە شتێكی بێ هاوتایە.
تۆیۆتا هەوڵییداوە تاوەكو بەپیشاندانی ئەم ئۆتۆمبیلە بچووكو ئاسوودە سێ تایەییە، كە تەنها بۆ دوو كەس دیزایین كراوە جۆرێكیتر لەئۆتۆمبێل بۆ گواستنەوەی ناوشار پێشكەش بكات.
پانی ئەم ئۆتۆمبیلە تەنها(85)سانتی مەترە و بەهۆی ئەم تایبەتمەندییەوە دەكرێت وەكو ماتۆڕسیكلیت لەناو شاردا بەكاربهێنرێت، بەو جیاوازییەوە، كە سەلامەتییەكەی زۆربەرزترە، پارككردنی زۆر ئاسانەوە بێئەوەی ژینگە پیس بكات دەتوانێت تاوەكو (50)كیلۆمەتر بڕوات.
نزیكەی (40)ساڵە تۆیۆتا بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیلی كەم مەسرەفو گونجاو لەگەڵ ژینگەدا هەوڵدەدات، بەشێكی بەرچاو لەم تێكۆشانە بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیلی كارەباییو هایبرییدی بووە، كە ئەنجامی ئەم پلانە لەئێستادا دەبینرێت.
جگە لەمانە ئەو كەسانەی دەیانەوێت لە ئامێری گواستنەوەی دوو، یان سێ تایە سوود وەربگرن، پێویستییان بەئامێرێك هەیە تاوەكو لەبەرامبەر گەرماو سەرمادا بیانپارێزێت، كە ئەمە وەك خاڵێكی خراپ بۆ ئەم ئۆتۆمبیلانە ئەژمار دەكرێت.
درێژی ئەم ئۆتۆمبیلە (2 مەترو 35 سانتیمەترە) و بەرزییەكەی (مەترێك 44سانتیمەتر و نیو) و پانییەكەشی (85 سانتیمەتر) ـە، دەكرێت چوار لەمان لەنێو گەراجێكی ئۆتۆمبێلی ئاساییدا جێگە بكەیتەوە.
هێزی جووڵێنەری ئەم ئۆتۆمبیلە، دوو بزوینەری كارەبایی (2)كیلۆ واتییە، كە لەنێو تایەكانی پێشەوەی ئۆتۆمبیلەكەدا دانراون.