كۆمپانیاكانی كوردستان داهاتیان ئاشكرا ناكەن ‌

بەڕێوەبەرایەتی باجی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، زۆربەی كۆمپانیاكان بۆ ئەوەی باج نەدەن، داهاتی راستەقینەی خۆیان ئاشكرا ناكەن‌و لەبری قازانج، زەرەر نیشان ‏دەدەن.‏
زانیار محەمەد قادر بەڕێوەبەری گشتیی باجی هەرێمی كوردستان بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ وتی:»نزیكەی 20 هەزار كۆمپانیا لەهەرێمی كوردستان بەڕەسمی كار دەكەن، بەڵام تائێستا ‏‏14 هەزاریان لەباج تۆمار كراون».‏
بەڕێوەبەری گشتیی باجی هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات، (95%)ی بودجەی كارگەو كۆمپانیاكان راست نین‌و بەجۆرێك دایدەنێن كە لەبری قازانج، زەرەریان كردبێ، تا باج ‏نەدەن.‏
سەبارەت بەشەفافییەت لەبارەی داهاتی باجەوە، بەڕێوەبەری گشتیی باجی هەرێم وتی:»داهاتی باجەكان روونەو ژمارەكەی بەو شێوەیە نییە كە زۆر جار لەمیدیاكان باسی لێوە ‏دەكرێ، بەشێوەیەك داهاتی یەك ساڵی باج تەنیا بەئەندازەی یەك مانگی بودجەی پەروەردەیە، كە دەكاتە نزیكەی 160 ملیار دینار، ئەو پارەیە ناتوانێت كورتهێنانی پێ پڕ ‏بكرێتەوە».‏
زانیار مەحمەد قادر لەبارەی ئەگەری زیادكردنی باجەكان وتی:»هەرچەندە ئێستا هەرێم لەلایەن بەغداوە رووبەڕووی ئابڵوقەی ئابووری بۆتەوە، بەڵام جارێ باج زیاد ناكرێ‌و ‏ئەو باجەش بە بەغدا نادەین. ئێمە داهاتەكە لەخەڵكی خۆمان وەردەگرین، چۆن دەكرێ بە بەغدای بدەین، ئەو پارەیە دەچێتە ناو حیسابێكی داخراو و ناتوانری لێی ‏دەربهێنرێ».‏
لەكۆتایی لێدوانەكەیدا ئاماژەی بەوە كرد، بەهۆی ئەوەی پارەی پێشمەرگە لە بەغداوە نەهاتووە، داهاتی باج بۆ ئەوان بەكاردەهێنرێ. «هەندێ جاریش رووداوی لەناكاو روو ‏دەدات، ئەو داهاتە بۆ قەرەبووكردنەوەی خەڵك بەكار دەهێنرێ». ئەو وایوت.‏ 
كوردستانی نوێ‌