كۆمپانیای ماس قه‌ره‌بوی هاووڵاتیان دەكاتەوە‌

پاش ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ به‌رده‌وام بونی كێشه‌ی زه‌وی زار له‌ نێوان كۆمپانیای ماس و دانیشتوانی گوندێك كێشه‌ی نێوانیان چاره‌سه‌ر ده‌كرێت و كۆمپانیاكه‌ له‌لایه‌ن ئیداره‌ی پارێزگای سلێمانیه‌وه‌ راده‌سپێردرێت به‌ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی كه‌ زه‌وییه‌كانیان ده‌كه‌وێته‌ ناو ئه‌و پڕۆژه‌یه‌وه‌ .
له‌ماوه‌ی رابردوشدا به‌ فه‌رمانی پارێزگاری سلێمانی لیژنه‌یه‌ك له‌ هه‌ریه‌ك له‌ نوێنه‌ری (ناحیه‌ی بازیان و پارێزگا و قائیمقامیه‌ت و وه‌به‌رهێنه‌ران و كشتوكاڵ و به‌رێوه‌به‌رایه‌تی ژینگه‌ی سلێمانی) پێكهێنرا بۆ به‌دواداچونی كێشه‌ی گوندی كلاشكه‌رانی سه‌ربه‌ ناحیه‌ی به‌كره‌جۆ و كارگه‌ی چیمه‌نتۆی ماسی بازیان، كه‌ به‌هۆی زه‌وی زاره‌وه‌ كێشه‌ كه‌وتبووه‌ نێوانیانه‌وه‌ و رووبه‌رێكی زۆری زه‌وی كشتوكاڵی ژماره‌یه‌ك له‌ دانیشتوانی ئه‌و گونده‌ كه‌تبوه‌ نێو ئه‌و كارگه‌یه‌وه‌، پاش به‌دواداچونی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌ت ده‌ركه‌وت كه‌ هاووڵاتیانی ئه‌و گونده‌ به‌هۆی ئه‌و كارگه‌یه‌وه‌ رووبه‌ڕووی زیان بونه‌ته‌وه‌ و رووبه‌رێكی زۆری زه‌وییه‌كانیان كه‌وتووه‌ته‌ نێو ئه‌و پڕۆژه‌یه‌وه‌ .
پاش یه‌كلایكردنه‌وه‌ی كاره‌كانی لیژنه‌كه‌ ئه‌مڕۆ 9-6-2014 ئاوات محه‌مه‌د قائیمقامی سلێمانی له‌ دیوانی قائیمقامییه‌ت  به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردن و كۆتایی هێنان به‌و كێشه‌یه‌ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی گوندی كلاشكه‌ران كۆبوویه‌وه‌ و قائیمقامی سلێمانی رایگه‌یاند: كه‌ كۆمپانیای ماس سه‌رباری قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ زه‌وییه‌كانیان به‌ر كارگه‌كه‌ كه‌وتووه‌، هه‌روه‌ها پێویسته‌ پابه‌ندی هه‌موو مه‌رج و رێنماییه‌ یاساییه‌كانی كاركردن بێت له‌و ناوچه‌یه‌دا .