ساڵانە نزیکەى بایى 50بۆ 80 ملیون دۆلار ئاڵوگۆڕ لە مەرزى کێلێ دەکرێت

هەردوو پارێزگارى سلێمانى و ئازربایجانى رۆژئاوا، تەئکید لە گەشەپێدانى پەیوەندییە بارزگانى و رۆشنبیرى و کلتورییەکانى نێوانیان دەکەنەوەو لەرێگەى واژۆکردنى رێکەوتننامەیەکى لێکگەیشتنەوە  مکانیزمى گەشەپێدانى ئەو پەیوەندییانە دادەرێژن.
بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگارى سلێمانى،لەکەڵ قوربان عەلى سعادەت پارێزگارى پارێزگاى ئازربایجانى خۆرئاوا لە کۆمارى ئیسلامى ئێران و وەفدێکى هاوڕێى کە پێکهاتبوون لە ژمارەیەک لە بەرپرسە ئیدارییەکانى ئەو پارێزگایەو نوێنەرى شارەکانى سەردەشت و پیرانشار لە پەرلەمانى ئێران و سەرۆکى زانکۆکانى ئورمییە و سەرکونسوڵى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە سلێمانى کۆبونەوە.
لەدیدارێکدا کە هەریەک قائیمقامى قەڵادزێ و سەرۆکى ژوورى بازرگانى سلێمانى و یەکێتى هەناردەو هاوردەکارانى سلێمانى و ژمارەیەک لە بەرێوەبەرە گشتیەکانى سلێمانى ئامادەى بوون، هەردوو لا گفتوگۆیان کرد لەسەر گەشەپێدانى پەیوەندییە بازرگانى و گەشتیارى و رۆشنبیرى و کلتورییەکانى نێوانیان.
تەوەرێکى سەرەکى دیدارەکەش گەشەپێدانى خاڵى سنورى کێلێ بوو کە دەکەوێتە نێوان هەردوو پارێزگاوە، لەنێوان شارى قەڵادزێ و سەردەشت.
لەو رووەوە پارێزگارى سلێمانى رایگەیاند ئەو خاڵە سنورییە گرنگى زۆرى بۆ ئیدارەى راپەڕین و پارێزگاى ئازربایجانى رۆژئاوا هەیەو ئێمە پابەندین بەوەى ئەو مەرزە گەشەپێبدەین و سەرجەم ئەو فەرمانگانەى تێدا دابمەزرێنین کە پێویستە لە مەرزەکاندا هەبن.
پارێزگار وتیشى: ئەنجامدانى پرۆژەى خزمەتگوزارى و قیرکردنى رێگەى مەرزەکە خراوەتە پلانى 2014 وە بەڵام بەهۆى قەیرانى داراییەوە دواکەوتووە.
پارێزگار تەئکیدى لە هەوڵەکانى حکومەتى هەرێم کردەوە بۆ بەنێودەوڵەتى کردنى مەرزى کێلێ.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەوە خرایەروو ساڵانە نزیکەى بایى 50-80 ملیون دۆلار ئاڵوگۆڕ لە مەرزەکەدا هەیە، بەڵام بەهۆى کێشەى مینەوە نەتوانراوە خزمەتگوزارى بۆ مەرزەکە جێ بەجێ بکرێت.
هەر  لەبارەى مەرزەکەوە لە کۆبوونەوەکەدا بەوردى گفتوگۆ لەسەر کێشەکانى مەرزەکە کراو بریار لەسەر دانانى میکانیزمى گونجاو بۆ چارەسەرکردنیان درا.
لەکۆبوونەوەکەدا لەبارەى ئاڵوگۆڕ و پەیوەندى لەبوارەکانى پزیشکى و خوێندنى باڵا و پیشەدەستییەکاندا گفتوگۆ کراو هەردوو لا هاوڕا بوون جگەلە بوارى بازرگانى گەشە بەپەویوەندییەکانیان لە بوارە جیاوازەکانى تریشدا بدەن.
هەر لەو چوارچێوەیەشدا بریارە هەردوو پارێزگاى سلێمانى و ئازربایجانى رۆژئاوا رێکەوتنێکى لێکگەیشتن واژۆ بکەن بۆ دانانى میکانیزمێکى روون بۆ گەشەپێدانى پەیوەندییەکانى هەردوو لا.