پارێزگار داوا دەكەن هاووڵاتیانی پێ ئاشنا بكرێت

پارێزگار داوا دەكەن هاووڵاتیانی پێ ئاشنا بكرێت
 بۆ یەكەم جار لەسەر ئاستی عیراق، تاقیگەی پشكنینی بۆماوەیی سالاسیمیایە پێش لە دایك بوونی كۆرپە لەسلێمانی كرایەوە
ئەمرۆ2ی حوزەیران، بە ئامادەبوونی بەهرۆز محەمەد ساڵح، پارێزگاری سلێمانی، دكتۆر میران محەمەد بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، یەكەمین تاقیگەی پشكنینی بۆماوەیی نەخۆشی سالاسیمیا پێش لەدایك بوونی كۆرپە، لەسەر ئاستی عیراق لەشاری سلێمانی كرایەوە.
تاقیگەكە لەسەر بودجەی پارێزگای سلێمانی، بە بڕی 650 ملیون دینار دروست كراوەو،هاوشێوەی لە هەرێمی كوردستان و عیراقدا نییە و دوای كردنەوەی تاقیگەكە پێشوازی لەسەرجەم ئەو هاووڵاتیانەی هەرێمی كوردستان و عیراق دەكات كە هەڵگری ئەو نەخۆشییە بۆماوەییەن.
لە تاقیگەكەدا، هەموو ئەو كۆرپانەی مەترسی هەڵگرتنی نەخۆشییەكەیان لێ‌ دەكرێت پێش لە دایك بوون و لەمانگەكانی یەكەمی تەمەنیدا پشكنینیان بۆ دەكرێت و چارەسەر دەكرێن.
سالاسیمیا، یان نەخۆشی كەم خوێنی دەریای سپی ناوەڕاست، باوترین نەخۆشی بۆماوەییە لە خۆهەڵاتی ناوەراست و كوردستان.
بەپێی ئاماری سەنتەری سالاسیمیای سلێمانی ، ساڵی 2004، ساڵانە نزیكەی 70 نەخۆش تۆمار كراوە، بەڵام بەهۆی پشكینی پێش هاوسەرگیری ئەو رێژەیە لە ساڵی 2013 دابەزیووە بۆ 7 حاڵەت، كە 5 لەو حاڵەتانە هاوسەرگیری دەرەوەی دادگاكان بوون.
بە وتەی بەرێوەبەری تاقیگەی پشكنینی سالاسیمیا, لە رێگەی ئەو تاقیگەیەوە دەكرێت لە چەند ساڵی ئایندەدا بە تەواوتی ئەو نەخۆشیە لە سلێمانی بنەبڕ بكرێت.
هەروەك بریارە تاقیگەكە لە داهاتوودا، جگەلە لە پشكنینی نەخۆشی سالاسیمیا پشكنین بۆ زۆربەی نەخۆشیە بۆماوەییەكانی تر بكات.
پارێزگاری سلێمانیش لە میانی كردنەوەی تاقیگەكەدا، داوای كرد گرنگی زۆر بە تاقیگەكە بدرێت و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و عیراقی پێ‌ ئاشنا بكرێ بۆ ئەوەی لەمەودا لەبری چوونە دەرەوە هاووڵاتیان لە ناوخۆی وڵاتدا پشكنین و چارەسەر بكرێن.
 
ز.ر