کۆمپانیا تورکیەکان داوادەکەن لەشارى سلێمانى کارى زیاتر بکەن
ژمارەیەک کۆمپانیاى تورکى سەردانى ژورى بازرگانیانکردو تیایدا داوایانکرد کارى زیاتر لە شارى سلێمانى ئەنجام بدەن و هاوکاریانبکرێت.
بەمەبەستى زیاتر لەنزیکەوە ئاگاداربون لە کارى بازرگانى شارى سلێمانى زیاتر لە 20 کۆمپانیاى تورکى سەردانى ژورى بازرگانى و پیشەسازى سلێمانیانکرد و لەگەڵ سیروان محەمەد سەرۆکى ژور و یاسین ڕەحیم فەرەج جێگرى سەرۆک و کەمال حەمە عەل و کەمال سەعید تەها کۆى ئەندامانى ژور پێشوازى کران.
لە کۆبونەوەکەدا کۆمپانیا تورکیەکان ڕایانگەیاند کە شارى سلێمانى بەشێوەیەکى باش گەورە و فراوانە و بەشێکى زۆر لە کۆمپانیا و بازرگانى پێشکەوتوى تێدایە بۆیە هەوڵدەدەین لێرە کارى زیاتر بکەین و برەو بە پەیوەندى بازرگانى بدەن لە نێوان هەردوولا.
سەرۆکى ژورى بازرگانى سیروان محەمەد ڕاى گەیاند لە ئێستادا حکومەتى هەرێمى کوردستان گرنگى بە کەرتى پیشەسازى و کشتوکاڵ دەدات و وە پێویستە کۆمپانیا تورکیەکان لەو بوارانەدا کاربکەن و کەرتى گەشتوگوزاریش یەکێکە لەوکەرتە گرنگانەى کە لە ئێستادا گرنگى پێدەدرێت.
داواشکرا کۆمپانیا تورکیەکان شوێندەستى خۆیان دیاریبکەن لەو کارانەى کەپێویستە لەشارى سلێمانیدا بیکەن و بە جۆرى باش و کوالێتى بەرزەوە ئاڵوگۆڕى بازرگانى بکەن لە سەرجەم بوارەکاندا.
ئەو کۆمپانیایانەى کە سەردانى شارى سلێمانیانکردبوو لە بوارەکانى کارەبا و شیرینى و تونێل و مۆبیلیات و چەندین بوارى دیکە بەشداربوون.






ز.ر