بازرگانی بەمرۆڤەوە ‌

رەنگە سەیربێت لەسەدەی بیست‌و یەكدا باس لەوە بكرێت كەپێویستمان بەیاسایەكە رێگە لەبازرگانی كردن بەمرۆڤەوە بگرێت، بەڵام ئەوە خەیاڵ نییە‌و راستە، چونكە لەم ئاستەی ‏مرۆڤایەتیشدا كە هەندێك كەس بەلوتكەی پێشكەوتنی وەسف دەكەن، چەند جۆرێكی بازرگانی كردن بەمرۆڤەوە هەیە وەك كاری بەزۆر بەكارهێنانی كچۆڵەی خوار تەمەن 18 ساڵ ‏بۆ بەكارهێنانی سێكسی. بەپێی ئامارێكی رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی، ئەو جۆرە بازرگانییە ساڵانە 150 ملیار دۆلار داهاتی هەیە بۆ ئەو كەسانەی كە ئەو كارە نایاساییەیان كردووە ‏بەپیشە.‏

كچانیش قوربانین
پیت ئەندرێس بەڕێوەبەری رووبەڕووبوونەوە‌و قەڵاچۆكردنی كاری زۆرەملێ لەڕێكخراوی كاری نێودەوڵەتیدا رایگەیاند، لەئابووری تایبەتدا كاری زۆرەملێ ساڵانە 150 ملیار دۆلار ‏داهاتی هەیە، كە دەكاتە نزیكەی 109 ملیار یۆرۆ، ئەندرێس لەراپۆرتێكیدا لەبارەی ئەو دیاردەیەوە دەڵێ: یەك لەسەر سێی ئەو پارەیە كە دەكاتە نزیكەی 99 ملیار دۆلار لەو ‏بازرگانییەوە دەستیان دەكەوێت كە مامەڵەكردنە بەكرێكارە زۆرەملێكانەوە بۆ بەكارهێنانی سێكسی. 51 ملیار دۆلارەكەی تریش لەرێگەی بەكارهێنانی كرێكارە زۆرەملێكانەوە ‏دەستیان دەكەوێت بۆ كاركردن، كە هەشت ملیاری لەكاری زۆرەملێی ماڵاندا دەستیان دەكەوێ‌و نۆ ملیاری لەكاری زۆرەملێی كشتوكاڵ‌و 34 ملیاریش لەكاری زۆرەملێی لەشوێنە ‏جیاجیاكانی وەك كانەكان‌و كاری پیشەسازی‌و هەندێك خزمەتگوزاریدا دەستیان دەكەوێت.‏
بەشێكیان منداڵن
ئەم ئامارانە زۆر تازەنین‌و رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی لەساڵی 2012 دا بەدەستی هێناوە، لەبەرئەوە ئێستا ئەگەری هەیە ژمارەكان زیادیان كردبێت، بەپێی ئەو ئامارە ژمارەی ئەو ‏كەسانەی بەم شێوەیە بازرگانییان پێوە دەكرێت، 29,9 ملیۆن كەسە، لەو ژمارەیەش 18,7 ی لەكەرتی تایبەتدا بەكاردێت، هەروەها 26%ی ئەو (29,9) ملیۆن كەسە كە خراپ ‏بەكار دەهێنرێن منداڵن‌و 55%ی ژنان‌و كچانن.‏
زۆربەی لەئاسیایە
ناوچەكانی ئاسیا‌و زەریای ئارام زۆرترین كاری زۆرەملێی تێدایە، بەو كارە زۆرەملێیانەشەوە كە هەندێك لەدەوڵەتەكان دەیسەپێنن، بەتەنها لەئاسیا 11,7 ملیۆن كەس بەئیرادەی ‏خۆیان كارناكەن‌و كاری زۆرەملێ دەكەن، كە دەكاتە 56%، لەدوای ئاسیاش ئەفریقا بەپلەی دووەم دێت، كە 18%ی تێدایە‌و ئەمریكای لاتینیش بەڕێژەی 9% بەشدارە‌و ئەوروپای ‏خۆرهەڵات 7%ی بەردەكەوێ‌و یەكێتیی ئەوروپاش بەهەمان شێوە 7%ی بەردەكەوێ، بەڵام خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تەنها 3%ە هەموو رێژەكەی بەردەكەوێ.‏
كاری زۆرەملێ كە زۆر جار پێشی دەوترێ بازرگانی كۆیلەی هاوچەرخ، بەهەر كارێك دەوترێ كە ئەو كەسەی كارەكە دەكات لەژێر هەڕەشەدا بیكات‌و بەخواستی خۆی نەبێت، ‏جۆرەكانیشی زۆرن، یەكێك لەو جۆرانەی كۆیلەی هاوچەرخ ئەوەیە كەسێك ناچار بێت لەبری قەرز كار بكات‌و هیچ رێگەچارەیەكی تریشی نەمابێت بۆ دانەوەی قەرزەكانی، خاوەن ‏قەرزیش لەبری قەرز بەزۆر كاری لێدەكێشێتەوە، بەو مەرجەی كۆیلەكە هیچ دەسەڵاتێكی نەبێت، لە دەستنیشانكردنی بڕی ئەو پارەیەی وەری دەگرێت، یان ئەو كاتەی كەكاری تێدا ‏دەكات.‏
 
 
 
 
كوردستانی نوێ‌