لە شارى سلێمانى رێگرى تەواو لە زیادەڕۆیى دەکرێت

لە شارى سلێمانى رێگرى تەواو لە زیادەڕۆیى دەکرێت
لە شارى سلێمانى دامەزراوەکانى حکومەت هەنگاوى پێویست دەنێن بۆ رێگرى کردن لە دیاردەى زیادەرۆیى و بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردەدرێت تیمەکانى چاودێرى کاراتر بکرێت بۆ ئەوەى رێگە نەدرێت زیادەرۆیی بکرێت و موڵک و ماڵى گشتى بۆ بەرژەوەندى تایبەتى بەکار بهێندرێت.
  ئاوات محەمەد قائیمقامى سلێمانى لەلیدوانیکدا بەسایتی ژوری بازرگانی راگەیاند لەگەڵ سەرۆکى شارەوانى سلێمانى و لێپرسراوى زیادەڕۆیی و جێگرى بەڕێوەبەرى گشتوکاڵى سلێمانیدا کۆبووینەوە و لەکۆبوونەوەکەدا راگەیەندرا لە پێناو پاراستنى بەرژەوەندى گشتى رێگەنادرێت خانوو بە شێوەى زیادەڕۆیی دروست بکرێت و هەروەها لە ناو بازاڕ و شوێنە گشتیەکانیشدا رێگرى تەواو دەکرێت لەو زیادەڕۆیانەى کە دەکرێتە سەر موڵکى گشتى و بۆ بەرژەوەندى تایبەتى بەکار دەهێندرێت.
ئاوات محەمەد هەروەها راشیگەیاند رێگەش نادرێت لە دەرەوەى سنورى ماستەر پلانى شارى سلێمانى مامەڵە بە زەویى زارەوە بکرێت و بەشێوەى نایاسایى کڕین و فرۆشتنى پێوە بکرێت .
بۆ چارەسەر کردنى ئەم گرفتانەش قائیمقامى سلێمانى و لێپسراوانى پەیوەندیدار رایانگەیاند لە زووترین کاتدا تیمەکانى چاودێرى رادەسپێدرێن کە چاودێریی زیاترى هەموو ناوچەکان بکەن و رێگە نەدرێت زیادەڕۆی لە زەوی و زار و ناوبازاڕ و شوێنە گشتیەکاندا بکرێت و هەر کەسێکیش سەرپێچى بکات سەربارى رێگەنەدان بە زیادەڕۆییەکەى رووبەڕووى سزاى یاسایش دەکرێتەوە.
 
ز.ر