بڵاوکردنەوەی هەواڵی جیابوونەوەی ئەستێرەی لوبنانی “هەیفا وەهبی” لە سەرمایەداری بەناوبانگی میسڕی “ئەحمەد ئەبو هەشیمە”، ماوەی چەند رۆژێکە میدیا عەرەبییەکانی بەتەواوەتی سەرقاڵ کردووە.
کەناڵی LBC ی عەرەبی، راپۆرتێکی تایبەتی سەبارەت بەو دوو هاوسەرە بڵاوکردەوەو تیشکی خستە سەر چۆنیەتی یەکتر ناسینیان و چوونە ژیانی هاوسەرگیریان، هاوکات چەند بۆچونێکی لە بارەی هۆکاری جیابوونەوەیان خستە روو.
هەر لە میانەی ئەو راپۆرتە، هەیفا وەهبی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بەو کەناڵەی راگەیاند “پەیوەندی هاوسەرگیری نێوان من و “ئەحمەد ئەبو هەشیمە” بەخۆشەویستییەکی زۆرەوە دەستی پێکرد، بەڵام بەهۆی نەگونجانمان وەک هاوسەرانی تر بڕیارماندا جیابینەوە”.
زیاتر گوتی “ئێستا من و ئەحمەد دوو هاورێین، هاوکات خۆشەویستیم بۆ ئەو هەر ماوە چونکە لە بیرکردنی هەروا ئاسان نییە”.
هەیفا وەهبی و ئەحمەد ئەبو هەشیمە بۆ ماوەی ٦ ساڵ بەردەوامی هەبوو.