حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی فرۆشتنی نەوت بەیاننامەیەک بلاودەکاتەوە

 
هاوتا لەگەڵ جێبەجێکردنی سیاسەتیدا بۆ جێبەجێکردنی دەستووری عیراقی ساڵی 2005 و یارمەتیدانی عیراق لە هێنانەدی ئامانجەكانیدا لە بواری بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و داهاتی نەوتدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵسا بەجێبەجێکردنی یەکەمین فرۆشتنی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان کە لە رێگای هێڵی بۆریەوە گەیاندراوەیە بەندەری جیهان.
بارهەڵگرێک كە نزیکەی یەك ملیۆن بەرمیلی نەوتی خاوی هەڵگرتبووە و شەوی رابردوو لە بەندەری جیهانەوە بەرەو ئەورووپا نێردرا.  ئەمەش دەستپێكی زنجیرەیەکە لەو جۆرە فرۆشتنەی نەوت کە لە رێگەی بۆریە تازە دروستکراوەکەی هەرێمی كوردستانەوە هەناردەدەکرێت.
داهاتەكانی ئەم هەناردەیە لە حیسابێکی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا دەبێت لە هالك بانك – Halkbank لە توركیاو وەكو بەشێك لە ئیستیحقاقی بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دابەشكردن و هاوبەشیپێکردنی داهاتەكانی عیراق بە ڕێژەی دیاریكراوی خۆی بە پێی دەستووری ساڵی 2005 مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.
بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونی عیراق بە بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە، پێنج لەسەدی داهاتی ئەم فرۆشانە لە حیسابێكی جیا دادەنرێت بۆ ئەو قەرەبوە نێودەوڵەتیانەی کە عیراق لەسەریەتی بیدات.
لە سۆنگەی پابەندبوونی بە پرسی شەفافیەتەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە رێکخراوە سەربەخۆیە نێودەوڵەتیەكانی كردووە چاودێری پرۆسەی فرۆشتن و هەناردن بكەن و هیواش دەخوازێت بەرپرسانی رێكخراوی بە بازاڕكردنی نەوتی عیراقی فیدراڵ (سۆمۆ) داوەتی حكومەتی هەرێم قبووڵ بكەن بۆ چاودێری پرۆسەكە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەپیادەکردنی مافەکانی خۆی بەردەوام دەبێت لە هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەكی سەربەخۆ لە  رێکخراوی سۆمۆ، بەڵام پابەندی و نیازپاكی خۆیشی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەغدا دووپات دەكاتەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی تەواو لەبارەی پرسی نەوت لە چوارچێوەی دەستووری عیراقدا.
حكومەتی هەرێم بە بێ هیچ وەستانێك لەگەڵ شەریک و وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتیەكان لە كار بەردەوام بووە بۆ هێنانەدی رێگای نوێ بۆ گەشەسەندن و پێشكەوتنی ئابوورى بۆ گەلی كوردستان و عیراق، وەهەروەها ئامادەیە ببێتە سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو وسەقامگیر بۆ وزە بۆ دراوسێكانی و بازاڕە نێودەوڵەتیەكان.
 فۆتۆ:لەئینتەرنیتەوە
ز.ر