سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی ئاماژە بەجوڵەی بازرگانیو هاوردەی وڵاتانی دەرەوە بۆ هەرێم دەكات، دەڵێت بازرگانی بێویژدانمان هەیەو دەكەوێتە سەر ئەخلاقی خۆی، بەڵام بەئەركی حكومەتی هەرێمی دەزانێت رێگریی لەكاڵاو خواردەمەنی خراپ بكات.
سیروان محەمەد لەچاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتی ئاماژە بەوەشدەكات كە ئەو كەسانەی هەڵدەسن بە هێنانی خۆراكی بەسەرچوو بازرگان نین، بەڵكو دەچن گۆشتی هندیو بەرازیلی لەناوەڕاستو خوارووی عێراقەوە لەچەند دەسێكی جیاوازەوە دەیهێننە هەرێم.
هاوڵاتی: جوڵەی بازرگانی لەنێوان سلێمانیو وڵاتانی ئیقلیمی چۆنە؟
سیروان محەمەد: جوڵەی بازرگانی لەچوار ساڵی رابردوودا تائێستا پەرەی سەندووەو زیادیكردووە، ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی وەزعی هەرێمی كوردستان لەرووی ئابووریەوە گەشەی كردووە، بەهۆی هەناردەی نەوتو ئەو بودجەیەی كە هەرێم وەریدەگرێت. ئەمەش وایكردووە كە هاوڵاتیان لەرێگەی موچەو كاری تایبەتەوە پارەیەكیان دەستبكەوێتو بەردەوام خواست لەسەر كاڵاو پێداویستییەكان زیادبكات، بەو هۆیەوە بازرگانان رێژەیەكی زیاتر كاڵا هاوردەی هەرێم دەكەن لەرێگەی خاڵە سنورییەكانەوە.
هاوڵاتی: بەشێكی زۆر لەبازرگانەكان كاڵاو پێداویستییەكان لەئێرانو توركیاو چینو چەند وڵاتێكی ترەوە هاوردە دەكەن، بەڵام گلەیی لەبازرگانەكان دەكرێت كە كاڵاو خواردەمەنی خراپ دەهێننە هەرێمەوە؟
سیروان محەمەد: ئەو كاڵاو خواردەمەنیانە وەك جاران نییە بەكوالێتی كۆنتڕۆڵدا دەڕوات لەگەڵ كۆمپانیاو كارگەكاندا رێكەوتوون كە مواسەفاتی عێراقی هەبێت، لەو بڕوایەدام لەئێستادا 100% كۆنترۆڵی ئەوە كراوە.
بەنسبەت خواردەمەنییەكانەوە وەزارەتی تەندروستی لەرێگەی بەرێوەبەرایەتییەكانەوە بەرپرسی ئەوەیە كە لەهەموو خاڵە سنورییەكاندا پشكنین بۆ مەوادی خواردەمەنی بكرێت، هیچ شتێكی خراپ لەئێستادا داخڵی هەرێم نابێت، ئەگەر مەوادێكیش خراپ بێت لەمەخزەنەكاندا كە هەڵگیراوە بەشێكی نەفرۆشراوەو ماوەتەوەو بەسەرچووە بۆیە هەندێكجار دەبینین لیژنەكانی قایمقامیەتو تەندروستی دەستدەگرن بەسەر كاڵاو خواردەمەنی بەسەرچوودا. بەڵام كێشەیەك هەیە لەئێستادا لەناوەڕاستو خوارووی عێراقەوە مەوادی خۆراكی هاوردەی هەرێم دەكرێت، بەڵام تائێستا سەیتەرەیەك نییە بۆ پشكنین، بەشی زۆری مەوادە بەسەرچووەكان لەو رێگەیەوە دێت.
پاشان ئەو كەسانەی بۆ نموونە دەچن 200 یان 500 كیلۆ گۆشت دەكڕن ناتوانین بڵێن ئەوانە بازرگانن، چونكە ئەوانە لەدەستی دوو سێ دەیكڕینەوەو بژێوی ژیانیانی لەسەر دابیندەكەن، بەڵام بازرگان راستەوخۆ لەدەستی یەكەمی وەردەگرێت. لەئێستاشدا كوالێتی كۆنترۆڵ زیاتر كاردەكەن بۆ ئەوەی مەوادی خراپ نەیەتە هەرێمەوە، تەنانەت بۆ هاوردەكردنی ئوتومبێلو ئامێرە كارەباییەكانیش دانراوە.
هاوڵاتی:دەوترێت بەشێك لەبازرگانەكان دەچنە ئەو وڵاتانەی كاڵای لێدەهێنن بۆ هەرێم داوای كاڵای هەرزان دەكەن بەبێ ئەوەی كوالێتی باش بێت، پێتوانییە دەبێت لێپرسینەوە لەو بازرگانانە بكرێت؟
سیروان محەمەد: ئەوە پێش چەند ساڵی رابردوو بووەو لەئێستادا هیچ بازرگانێك ئەو كارە ناكات، لەبەرئەوەی كۆمپانیایەك گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان كردووە هەموو ئەو مەوادانەی دێنە هەرێمەوە ئەو كۆمپانیایە كوالێتی كۆنترۆڵی دەكەنو هەر خەلەلێك هەبێت بەرپرسیارێتییەكەی دەیگرێتە ئەستۆی خۆی. هەر كاڵایەكی خراپ بێتە هەرێمەوەو بەفلتەری كۆمپانیاكەشدا بڕوات حوكمی یاسایی خۆی هەیەو گرێبەستەكەی هەڵدەوەشێتەوەو غرامەو لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت.
هاوڵاتی: ئەو بازرگانانەی بەهۆی مامەڵەیانەوە لەگەڵ چەند بازرگانێكی ئێرانی پارەیان فەوتا گەشت بەچی، ئایا وەكو ژووری بازرگانی سلێمانی دەتوانن پارەكەیان بۆ وەربگرنەوە؟
سیروان محەمەد: بازرگانەكانمان بانگێشت كردو داوامان لێكرد بڕی پارەكەو چۆنێتی مامەڵەكەمان پێ بڵێن، پێتر باس لەبری 500 ملیۆن دۆلار دەكرا، بەڵام ئەو كەسانەی هاتن بەدەم بانگێشتەكەوە گەشتە 100 ملیۆن دۆلار. ئێمە لەگەڵ نوێنەراتی كۆماری ئیسلامی ئێران قسەمان كرد بۆ چارەسەركردنی، بەڵام بەداخەوە هیچ یەكێك لەو كەسانەی پارەكەیان فەوتاوە بەڵگەی رەسمیان پێنەبوو، رەنگە لەرێگەی ناڕەسمیو ناشەرعییەوە كارەكانیان كردبێت، بۆیە ئێمە هیچ شتێكمان پێناكرێت ئەگەر بەڵگەی رەسمی نەبێت، بەوهۆیەوە مەسەلەكە داخراوە.
هاوڵاتی: چەند ئەندامیی ژووری بازرگانی سلێمانی هەیە كە وەك بازرگانو خاوەن پیشەسازیی كار بكەن؟ لەكاتێكدا دەوترێت سەدان كەس هەیە بازرگانینو پێناسی بازرگانیان هەیە.
سیروان محەمەد: لەدروستبوونی ژووری بازرگانییەوە تائێستا 47 هەزار ئەنداممان هەیە، رەنگە ژمارەیەكی كەم لەو كەسانە كاری بازرگانی نەكەن بگاتە 500 كەسێك، بەڵام ئەوانەی تر هەموو كاری بازرگانیو پیشەسازیی دەكەن.
هاوڵاتی: ئەو خواردەمەنیو رێستۆرانتانەی كە بوونیان هەیە لەسلێمانیدا، بەشی زۆریان رووبەرووی داخستن بوونەتەوە، پێتوایە زیانی ماددیان بەركەوتووە؟
سیروان محەمەد: ئەو رێستۆرانتو خواردەمەنیانەی كە كراونەتەوە مۆڵەتیان پێدراوە، مەفروزە بەرێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی رێنمایی خۆی هەبێت لەوبارەیەوە، هەر كەسێك دەچێت بۆ تەندروستی سلێمانی مۆڵەتی پێدەدات، كە نازانێت مۆڵەتەكە بۆ شەخسەكەیە یان بۆ جێگاكەیەتی، ئەو مۆڵەتە پێویستی بەمەرجی تەندروستی هەیە كە پێیان بدرێت، بەڵام ئەو هەڵمەتەی ئێستا دەستپێكراوە پێشتر نەبووە دەكرا لەساڵانی رابردوودا ئەو كارە بكرایە. پێموایە زیانی ئابووریان لێدەكەوێت، بەڵام دەبێت خەلەلەكان دووبارە نەكرێنەوە.
هاوڵاتی: بەڵام بەشێك لەبازرگانەكان گۆشت هاوردەی هەرێم دەكەن، ئێوە ناتوانن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكەن؟
سیروان محەمەد: لەو بڕوایەدام ئێستا ئەو كەسانەی ئەو كارەدەكەن بازرگان نین، ئەوانەی دەچن گۆشتی هندیو بەرازیلی دەهێنێتە هەرێمەوە لەچەند دەسێكی جیاوازەوە دەیهێننە هەرێمو لەناوەڕاستو خوارووی عێراقەوە دەیهێنن.
هاوڵاتی: پێتوایە بازرگانی”بێویژدانمان” هەیە لەسلێمانیدا؟
سیروان محەمەد: لەهەموو چینێكدا خەڵكی باشو خراپ هەیە، بازرگانی بێویژدانمان هەیە، ئەوەش دەكەوێتە سەر زەمیرو ویژدانو ئەخلاقی خۆی، من ناتوانم بلێم 100% بازرگانەكانمان باشن. بەڵام حەقیقەتێك هەیە لەهەموو جیهاندا بازرگان پەیوەستە بەو رێنماییو یاساو سیستمە بازرگانییەی كە لەوڵاتەكەیدا هەیە، ئەوە ئەركی حكومەتی هەرێمە رێگریی لەهێنانی كاڵاو خواردەمەنی خراپ بكات.