لەرێگەی چەند پرۆژەیەكی وەبەرهێنانەوە فرۆكەخانەی سلێمانی، گەشەی پێدەدرێت چاوەڕوان دەكرێت فرۆكەخانەكە ببێتە بەندەری گواستنەوەی شمەكی رۆژهەڵاتی ئاسیا بۆ وڵاتانی ئەوروپا.
كۆمپانیای گۆڵف مار، مۆڵەتی دوو پرۆژەی وەبەرهێنانی بۆ فرۆكەخانەی سلێمانی لە حكومەتی هەرێم وەرگرتووە، چاوەڕوان دەكرێت دوای تەواوبوونی ئەو دوو پرۆژەیە فرۆكەخانەی سلێمانی گەشەكردنێكی گەورە بەخۆیەوە ببینێت و فرۆكەخانەكە ببێتە یەكێك لە فرۆكەخانە گەورەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست.
یەكێك لە پرۆژەكان دروستكردنی تیرمیناڵێكی نوێییە بۆ فرۆكەخانەكە كە هەشت گێت(( دەروازە)) لەخۆی دەگرێت و ئێستادا كۆمپانیاكە مۆڵەتی دروستكردنەكەی وەرگرتووە و پرۆژەكە بەشێوەی وەبەرهێنان جێ بەجێ دەكرێت
پرۆژەكە لەسەر رووبەری 500 هەزار مەتر دووجا دروست دەكرێت، كە پێك دێت لەم بەشانە: شوێنی وەستانی فرۆكە لەسەر رووبەری 95 هەزار مەتردووجا كە لەیەك كاتدا جێگەی 12 فرۆكە دەبێتەوە.
تێرمیناڵێك لەسەر رووبەری 40 هەزار مەتردووجا كە ساڵانە 2 ملیون و نیو گەشتیار دەتوانن گەشت بكەن تیایدا و بەشێوەیەكی مۆدێرن و بەستانداردی جیهانی دیزاین كراوە و شوێنی هاتوان و رۆیشتوان و بازاری ئازادو چەندین كافتریاو رێستۆرانت لەخۆی دەگرێت.
هەروەها پرۆژەیەكە ئوتێلێكی پێنج ئەستێرەی تێدا دروست دەكرێت بۆ ئەوكەسانەی كە ترانزێتیان هەیە یان هەركەسَك بیەوێت لەو هۆتێلەدا بمێنێتەوە.
سەرجەمی تێچووی پرۆژەكەش بە 250 ملیون دۆلار خەمڵێنراوە و بریارە لەماوەی 3 ساڵدا تەواو بكرێت. بەتەواوبوونی ئەو پرۆژەیەش فرۆكەخانەی سلێمانی دەچێتە ریزی فرۆكەخانە گەورەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەروەك بریارە دوای تەواوبوونی پرۆژەكە تێرمیناڵی ئێستای فرۆكەخانەی سلێمانی وەك پەیمانگای فرۆكەوانی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و ببێت بە ناوەندێك بۆ پێگەیاندنی فرۆكەوانی كورد.
جگەلەو پرۆژەیە، كۆمپانیای گۆڵف مار,پرۆژەی گوندی كارگۆی فرۆكەخانەی سلێمانی گەیاندووتە قۆناغی كۆتایی و بریارە لەماوەیەكی نزیكدا بكرێتەوە.
ئەم پرۆژەیە كەلەساڵی 2010 بەردی بناغەی دانراوە، یەكێكە لە پرۆژە ستراتیژی و گرنگەكان بۆ گەشەپێدانی بازرگانی شاری سلێمانی و هەرێمی كوردستان.
بەپێی وتەی بەرپرسانی كۆمپانیای گۆڵف مار، پرۆژەی گوندی كارگۆی فرۆكەخانەی سلێمانی نزیك بووتەوە لە تەواو بوون و كۆمپانیاكەش گفتوگۆ و رێكەوتنی لەگەڵ ژمارەیەك لە كۆمپانیا بەناوبانگەكانی جیهان لە بواری گواستنەوەی كاڵادا كردووە و ئامادەییان نیشانداوە لە رێگەی ئەو پرۆژەیەوە كاڵاكانیان بگوازنەوە.
پرۆژەی گوندی كارگۆی فرۆكەخانەی سلێمانی, بە كەوتنەكاری وەك بەندەرێكی گواستنەوەی ئاسمانی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و دەتوانێت بۆشای نەبوونی بەندەری ئاوی لەهەرێمی كوردستان تا ئەندازەیەك چارەسەر بكات.
بەهۆی هەڵكەوتەی جیۆگرافی فرۆكەخانەی سلێمانیشەوە، چاوەڕوان دەكرێت فرۆكەخانەكەو گوندی كارگۆ، ببێتە بەندەرێكی سەرەكی گواستنەوەی شمەك و كەلوپەلی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا بۆ وڵاتانی ئەوروپا.
بەم پێیەش فرۆكەخانەكە بۆ گواستنەوەی كەل و پەل بۆ ئەوروپا دەتوانێت جێگەی فرۆكەخانەكانی دوبەی و شاریقە بگرێتەوە، لەبەر ئەوەی لەرووی جیوگرافییەوە فرۆكەخانەی سلێمانی نزیكترە لە فرۆكەخانەكانی تر بۆ گواستنەوەی كەل و پەل و تێچوونی كۆمپانیاكانی گواستنەوە كەمتر دەكاتەوە.
چاوەڕوان دەكرێت تەواو بوونی ئەو دوو پرۆژەیە كاریگەریەكی گەورە بكاتە سەر رێژەی گەشەی فرۆكەخانەی سلێمانی وئابوری ناوچەكە گەشەیەكی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت جگەلە رەخساندی ژمارەیەكی زۆر هەلی كار.
ز.ر