سبەینێ لە شاری سلێمانی پێشانگای بازرگانی تایبەت بە پارێزگاكانی باكوری ئێران لەژێر چاودێری حكومەتی هەرێم وبە هاوكاری ژوری بازرگانی دەكرێتەوە.



دوابەدوای كۆنفرانسەكەش سەردانی دیوانی پارێزگای سلێمانیان كردوو لەلایەن بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانییەوە پێشوازیان لێ كرا.
لە دیدارێكدا كە ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرە ئیدارییەكانی پارێزگای سلێمانی و ژووری بازرگانی سلێمانی ئامادەی بوون، گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان پارێزگای سلێمانی و پارێزگای مازندەران و ئیلام تاوتوێكرا.
هاوكات جێگری پارێزگاری مازندەران، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد”دەیانەوێت پەیوەندیی و هەماهەنگییەكانیان لە بواری بازرگانی و گەشتیاری و ئاڵوگۆڕی ئەزمووندا” لەگەڵ پارێزگای سلێمانی گەشەپێ بدەن.

لەبەرامبەردا پارێزگاری سلێمانی وێڕای بەخێرهاتنی وەفدەكە، تیشكی خستەسەر گەشەكردنەكانی پارێزگای سلێمانی و پەیوەندییە مێژووییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران.
بەهرۆز محەمەد صاڵەح رایگەیاند: لە بواری گەشتیاری و پیشەسازیدا سلێمانی گەشەكردنێكی باشی بە خۆیەوە دیووەو تەئكیدی كردوە، سلێمانی و مازندەران دەتوانن لەبواری گەشتیاریدا هەماهەنگی و هاوكاری بكەن.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا پارێزگاری سلێمانی لەبارەی بارودۆخی مەرزە رەسمیەكانەوە رایگەیاند: بەهۆی رێكەوتننامەكانی لێكگەیشتنی پارێزگای سلێمانی و پارێزگا هاوسنورەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران زۆربەی كێشەی خاڵەسنورییەكان چارەسەركراوەو تەنیا كێشەی گواستنەوەی یەكسەرەی كاڵاكان ماوە كە ئەویش لە هەوڵی چارەسەركردنیداین و بە پێكهاتنی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم ئەو كێشەیەش چارەسەر دەبێت.
