ئەمڕۆ 19-5-2014 لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان كە پێكهاتبوون لە د. عیزەت سابر و د. شێركۆ حەمە ئەمین و مامۆستا هەورامان گەچێنەیی و سالار مەحمود و حەیات مەجید و زانا عەبدولرەحمان ،سەردانی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی-یان كرد و لەگەڵ هەریەكە خاوەر زەكی هەناری بەڕێوەبەری گشتی و یاسین رەحیم فەرەج و نەوزاد غەفور جێگرانی یەكەم و دوەمی سەرۆكی ژور و ئاراس عەبدولكەریم و بەختیار مەحمود و ئازاد شمقار ئەندامانی ئەنجومەنی ژور كۆبونەوە.
لە كۆبونەوەكەدا، لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان داوای لە ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی كرد هەوڵ بدات لەڕێگەی كۆنفرانسێكەوە سەرجەم رێكخراوە ئابوریەكان كۆبكەتاتەوە تاوەكو راو بۆچونەكان سەبارەت بە هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنان وەربگیرێن .
هەر لە كۆبونەوەكە ئاماژە بە گرفتەكانی رێكخراوە ئابوریەكان و كاریگەری ئەو قەیرانەداراییە كرا كە روی لە هەرێمی كوردستان كردوە،هاوكات چارەسەر كردن و روبەڕوبونەوەی قەیرانەكان گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.