جەلال حاجی عەلی سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵو ئاودێری لەپەرلەمانی كوردستان، ئاماژە بە مەترسییەكانی كەمبوونەوی سەرچاوەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان دەكات.
هاوڵاتی: وەك لیژنەی كشتوكاڵو سەرچاوەكانی ئاو، هێندەی زانیاریتان هەبێت، دۆخی ئاو بە گشتی و ئاوی ژێری زەوی بە تایبەتی لە هەرێمی كوردستان چۆنە؟
جەلال حاجی عەلی: لەدونیاو هەرێمی كوردستانیش بە گشتی سیستەمێك پەیڕەودەكرێت كە پێی دەوترێت سیستەمی ئاودورینەوە. هەر وڵاتێك ئاوی خۆی دەدورێتەوە لەرێگەی بەربەستی گەورە یان مامناوەند یان بچووك، چەندین رێگە هەیە بۆ دەستگرتن بە ئاوەوە، كە زۆرترین سوودی لێوەدەگیردرێت.
كوردستان لەپرسی ئاوو بارانبارین، لەو وڵاتانەیە كە دابەش دەبێت بەسەر سێ بەشدا، ئەوانیش (گرەنتی و نیمچە گرەنتی و بێگرەنتی). بەشی زۆری خاكی كوردستان لەوەی یەكەمە كە گرەنتی بارانبارینی هەیە، ئەوەی كە گرەنتی نییە، لە هەولێر بەرەو خوارەوەو مەخمورو كەركوك و ناوچەكانی ترن كە رێژەی بارانبارین دەگاتە (150 بۆ 100ملم).
كوردستان سەرچاوەی ئاوی زۆرە، بۆیە پێویستە لە ئێستاوە دیراسەی خۆمان بكەین، ئەوەتا توركیاو ئێران دەمێكە دیراسەی خۆیان كردووەو چەندین پڕۆژەی ئاودێری گەورەیان دروستكردووە، ئەوەتا ئێران ئاودێری لەسەر بیست و یەك سەرچاوەی ئاو كردووە كە دەڕژێنە هەرێمی كوردستان. بۆیە پێویستە بەربەستی بچووك و مامناوەند دورستبكەین، چونكە بەربەستی گەورە بە گوێرەی دەستوور دەبێت حكومەتی عێراق دروستی بكات، دەبێت فشاریش بخەینەسەر حكومەتی عێراق بۆ دروستكردنی ئەو بەربەستانە، چونكە ئەمانە راستەوخۆ كاریگەریی دەبێت لەسەر بوژانەوەی ئاوی ژێر زەوی. لەمەسەلەی ئاوی ژێر زەویش، كوردستان ئیحتیاتییەكی زۆری ئاوی ژێر زەوی هەیە، بۆیە دەبێت سنوورێكی بۆ دابنرێت لە مەسەلەی بەكاربردنی.
هاوڵاتی: بەڵام ساڵانە ئاوی ژێر زەوی بە رێژەیەكی بەرچاو كەمدەكات، جگە لەمەش مەترسی بە بیابانبوونیش هەڕەشە لە عێراق و كوردستانیش دەكات، كەوایە مەترسییەكانی سەر ئاوی ژێر زەوی چین؟
جەلال حاجی عەلی: چەقبەستنی گەرمای دونیاو كەمبوونەوەی رێژەی بارانبارین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی، ئەمانە وایكردووە وشكەساڵی بێت، تەنانەت ساڵی رابردوو لە ئەمریكاو ئۆكرانیاو روسیاش وشكەساڵی بووە، لای خۆشمان لەو ناوچانەی نیمچە گرەنتین، وشكەساڵی هەبوو. باران و بەفر كەمیی كردووە، ئەمانەش مەترسی هەیە لەسەر ئاوی ژێر زەوی. خاڵێكی تری گرنگ ئەوەیە، ئەگەر باران لە پایزدا ببارێت، ئەوا ئاوی ژێر زەوی دەبووژێتەوە، بەڵام ئەگەر باران بكەوێتە بەهاران كە گیا سەوزبوونە، ئەوا زەوی توانای گڵدانەوەی ئاوی نابێت. بۆیە بارانی بەهاران سوودی نییە بۆ ئاوی ژێر زەوی، دەبینین لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا باران زۆربەی كەوتۆتە نێو بەهار، بۆیە دابەشبوونی باران گرنگە نەك چەندێتی بارینەكە.
هاوڵاتی: ئەی هەڕەشەی بە بیابانبوون؟
جەلال حاجی عەلی: ئەو مەترسیە لەسەر كوردستان نابینم، بەڵام هەندێك ناوچەمان هەیە دراوسێی ئەو ناچانەن. چونكە هەرێمی كوردستان لەبەهاراندا سەوزدەبێتو داریش دەڕوێندرێت. بەڵام باشترین كارێك بۆ رووبەڕووبوونەوەی بە بیابانبوون، دارچاندنە، بۆیە چەندە سەوزایی زیادبێت هێندە ئاوی ژێر زەوی زیاد دەبێت.
هاوڵاتی: كەوایە هەوڵەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ چین؟
جەلال حاجی عەلی: پلانی حكومەت گرنگیدانە بە پاراستنی ئەو دارستانانەی كە ماوەو، گرنگیدانیشە بۆ دارچاندن، كاتێك كە سەوزایی زیاد بوو، چەقبەستنی گەرماش كەمدەبێتەوە، ئەمانە هاوكێشەی زانستین. جگە لەمەش فەرمانگەكانی ئاویش كەوتوونەتە شەڕێكەوە كە رێگە بە لێدانی هەموو جۆرە بیرێك نادەن، ئەو بیرانەشی كە كاریان پێناكرێت، پێیان پڕدەكەنەوە.
هاوڵاتی: ئەمە ئیجارائاتە، بەڵام پلان چییە؟
جەلال حاجی عەلی: لەئێستادا بیست بەنداوی بچووك تەواوبوونە، چەندانی تریش لە تەواوبووندایە، لەگەڵ ئەمەشدا پێویستە بەنداوی تریش لێبدرێت.
هاوڵاتی: روویەكی تری گرنگیدان بە ئاوی ژێر زەوی دابینكردنی بودجەیە، وەك لیژنەی كشتوكاڵیی كارتان بۆ ئەمە كردووە؟
جەلال حاجی عەلی: بە گوێرەی ستانداردی جیهانی دەبێت بودجەی وەزارەتی كشتوكاڵ لە وڵاتانی جیهانی سێیەم، (10%) بێت، لە هەرێمی كوردستان تا ئێستا نەگەیشتووینەتە ئەو رێژەیە، تەنانەت نەگەیشتۆتە (7%)یش، بەڵكو لە نێوان (6% بۆ 7%)ە، بەمەش ناتوانرێت پلانی پێنج ساڵە جێبەجێ بكرێت، كە پلانەكە پێویستی بە دە ملیار دۆلارە. لە بودجەی وەزارەتی كشتوكاڵ و ئاودێری هەرچەند بووبێت، ئەوا (60%)ی بۆ ئاودێری بووە.
هاوڵاتی: نارۆشنییەك هەیە لە سیاسەتی ئاوی حكومەتی هەرێم، ئەو سیاسەتە چۆنە؟
جەلال حاجی عەلی: سیاسەتی ئاو لە دەستی حكومەتی هەرێمدا نییە، بەڵكو لەدەستی حكومەتی عێراقدایە.
هاوڵاتی: بەڵام حكومەتی هەرێم دەتوانێت لەم سێ پارێزگایە كار بكات؟
جەلال حاجی عەلی: كاری كردووە، بەڵام پڕۆژەی ئاودێری گەورە دەبێت حكومەتی ناوەندی بیكات. سیاسەتی وەزارەتی كشتوكاڵیش بەشی زۆری بۆ دروستكردنی بەنداوی بچووك و مامناوەندەو كاری زۆریشیان لەم بارەیەوە كردووە.
هاوڵاتی: یەكێكی تر لەو مەترسیانەی لەسەر ئاوی ژێر زەوی هەیە، ئەویش پاشماوەی خاشاك و ئاوەڕۆی شارەكانە، ئەمە بە تێپەڕبوونی كات ئاوی ژێر زەوی ژەهراوی دەكات و بە ناڕاستەوخۆ دواتر لە رێگەی بەروبوومی كشتوكاڵیەوە مرۆڤ دەیخوات. چی كراوە بۆ ئەمە؟
جەلال حاجی عەلی: مەسەلەی پاشەڕۆو پیسبوونی ئاو و زێرابەكان پرسێكی گرنگە، دەبێت حكومەتی هەرێم كار بۆ ریسایكلینكردنی پاشەڕۆ بكات، چونكە سوتاندن چارەسەر نییە.
هاوڵاتی: ببورە كە راتدەگرم، لە دونیادا باوی ریسایكلین نەماوە، بەڵكو پاشەڕۆ سوودی لێوەدەگیردرێت بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، ناكرێت حكومەتی هەرێم ئەم هەنگاوە هەڵگرێت؟
جەلال حاجی عەلی: ئەوە راستە، ئەگەر حكومەت بیكات كارێكی باشە. بەڵام مەسەلەی زێراب و ئاوی قورس، كاری حكومەتە ئاوە قورسەكە كۆبكاتەوەو پاكی بكاتەوە، ئاوەكە جارێكی تر بەكاری بهێنێت و پیسایەكەش بەكاری بهێنێت بۆ بەرهەمهێنانی سەمادو پەینی كیمیایی. ئەوە راستە، ئاوی دەربەندیخان وەك ژەهراوی بووبێت وایە، ئەوەی دوكانیش، چونكە ئاوەڕۆی هەموو قەزاو ناحیەكان و دێیەكانی دەڕژێتە ناویەوە، بۆیە پاككردنەوەشی كارێكی قورسە بۆ حكومەتو مەترسیداریشە.
هاوڵاتی: كەوایە بۆ نەكراوە؟
جەلال حاجی عەلی: مەسەلەی بۆ نەكراوە، من وەك پەرلەمانتارێك دیفاع لە حكومەت ناكەم، بەڵام شتی گرنگتر هەیە، وەك رێگاوبان و تە ندروستی.
هاوڵاتی: ببورە كە راتدەگرم، پێتوانییە ئاو لەرێگاوبانو تەندروستیش گرنگتر نییە، بەوەی پەیوەندی بە هەموو لایەنەكانی ژیانی مرۆڤەوە هەیە؟
جەلال حاجی عەلی: ئەگەر راستت دەوێت، ئەمانە دەبێت ئیشی بۆ بكرێت. بۆیە دەبێت هەماهەنگی بەردەوام هەبێت لە نێوان وەزارەتە پەیوەندارەكان لەپرسی ریسایكلینو پاككردنەوەی زێرابەكان و ئاوی قورس، تەنانەت دەبێت هۆشیاری كۆمەڵایەتیشی بۆ بكرێت.
هاوڵاتی: كەواتە پێویست بەوە ناكات كۆنفراسێك لەسەر ئاو ببەسترێت؟
جەلال حاجی عەلی: زۆر راستە، پێویستە لە مەسەلەی تواناسازی گرنگی زۆر بە قوتابیانە بدرێت كە لەسەر ئاو بڕوانامە وەردەگرن، پێویست بەوە دەكات كۆنفراسیش ببەسترێت و پسپۆرانی بیانی بانگهێشت بكرێن و ئەوانەی فەرمانگەی ئاویش رەوانە دەرەوە بكرێن تا باشتر ئیش لەسەر ئاو بكەن.
هاوڵاتی: وەك لیژنەی پەرلەمانی چیتان كردووە؟
جەلال حاجی عەلی: وەك لیژنە كارمان كردووەو گرنگیمانداوە بە ئاویش، پێشنیاریشمان بۆ هاتووە كە دەزگایەكی تایبەت بە ئاو دامەزرێنین، ئێمە وەك لیژنە پشتگیریشمان كردوون، بەڵام دۆخەكە هی ئەوە نەبووە. سیاسەتی حكومەت ئەوە بووە كە ژمارەی وەزارەتەكان كەمبكاتەوە، ئێمەش بەردەوام بەدواداچوونمان بۆ دروستكردنی بەنداوەكان كردووە، تا بزانین رێگرییەكان چین.
سەرچاوە : هاوڵاتی