بۆ ناساندنی كوردستان شاندێكی كەرتی تایبەت پەیامی گەشتیاری گەیاندە ئیتالیا

هێنانی گەشتیاران بۆهەرێمی كوردستان تەنیا پەیوەندی بە هەولەكانی حكومەتی هەرێم نییە، بەلكو لایەنی سەرەكی كۆمپانیاگەشتیارییەكانن كە دەتوانن ئەو رۆڵە ببینن. 
ئەم ساڵ كەرتی تایبەت بە مەبەستی ناساندنی گەشتیاری كوردستان بەشداری چەند چالاكیەكی تایبەتی گەشتیاری كردوە ، وەك بەشداریكردن لە پێشانگای ئەستەمبۆل، دروستكردنی ملتەقایەك لە نێوان چەند كۆمپانیایەكی مێرسین لە توركیا و كوردستان كە لە لایەن كۆمپانیای پیرۆ گروپ رێكخرابوو، هاتنی چەند كۆمپانیایەكی پارێزگای وان بۆ هەرێمی كوردستان، بەشداریكردنی 16 كۆمپانیای كوردستان لە پێشانگای نیودەولەتی دوبەی، دوا چالاكیش رێكخستنی پێگەیشتنی (ملتەقا) بوو لە نێوان چەند كۆمپانیایەكی كوردستان و وڵاتی ئیتالیا لە ئیتالیِا كە لە لایەن پیرۆگروپ رێكخرابوو، 
 وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە سایتی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی راگەیاند :ئامانجی سەرەكی كارەكە ناساندنی كوردستان و بانگێشتكردنی كۆمپانیاكان بوو بۆ بەشداریكردنیان لە پێشانگا و كۆنفەرەنسێكی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان كە لە كۆتای مانگی 9ی ئەم سال لە لایەن كەرتی تایبەت لە كوردستان ساز دەكرێت. 
نادر رۆستی وتیشی : سەرجەم چالاكیەكانیش لە لایەن دەستەی گەشتوگوزار پالپشتی و سەرپەرشتی دەكرێن. جێگای ئاماژەیە كە لە كاتێكدا قەیرانی ئابووریش هەبیت بەڵام كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت دەتوانن رۆلی تایبەت ببین و گەشتیاری كوردستان بە جیهان بناسێنن.
 
 
ئا- بەهێز عوسمان