ئەحمەد شیرازی بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کۆمپانیای ئایکۆی عێراقی (کۆمپانیای بەرھەمھێنانی ئۆتۆمبێلی ئێرانی) ئەو بازاڕە گەرمەی بەرھەمەکانی ئایکۆ بەخۆوەی بینیوە لە عێراق بە دەرفەتێکی زێڕین وەسف دەکات و دەڵێ ‘وامان لێ دەکات کارو چالاکیەکانیان فراوانتر بکەین’.
ئاژانسی ھەواڵی فارسی ئێرانی لە زاری شیرازی دەگوازێتەوە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لەسەر بازاڕی بەرھەمەکانی ئایکۆ لە عێراق دەڵێ لەم ساڵانەی دواییدا ئایکۆ سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە لە ژێر سایەی پێگەی بەرھەمێنانی لە عێراق، کە لە یەک سەعات دا بە بەرھەمھێنانی 10 ئۆتۆمبێل دەخەمڵێنرێت.
وتیشی: مواسەفاتەکانی ئایکۆ و خزمەتگوزاریەکانی پاش فرۆشتن وای کردووە خەڵکێکی زۆر روو لە کڕینی بەرھەمەکانی ئایکۆ بکەن لە عێراق.
شیرازی ھۆی بازاڕی گەرمی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە لە عێراق بۆ شوێنی جوگرافی دەگەڕێنێتەوە و پێی وایە بەو پێیەی ئێران دراوسێی عێراقە و لە رووی گوستنەوە و بارکردن دا ئەوەندەی تێناچێت سەرباری فەراھەمکردن و زۆری کەرستەی یەدەگ بە شێوەیەکی ئاسان بۆتە ھۆی ئەوەی بازاڕی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە گەرمتر بێت لە بازاڕەکانی عێراق.
لەلایەکی تر بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرەکی بازاڕی عێراقی لزسکۆ بەشار شەریف دەڵێت ‘عێراق بازاڕێکی ئیستراتیژیە بۆ ئایکۆ’.
گوتیشی ‘کۆمپانیا ھەوڵ دەدات دەست بەسەر پشکێکی گونجاو دا بگرێت لە بازاڕی عێراق لە رێگەی بەکارھێنانی شێوازی فرۆشتنی سەردەمیانە و پیچشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ فرۆشتن و دوای فرۆشتن و بەرزکردنەوەی ئاستی پەسنی بەرھەمەکانی’.
ئاماژەی بۆ رکابەرەکانی ئایکۆ کررد وەک کۆمپانیاکانی کۆری و چینی، کە لە ھەوڵی قایمکردنی پێگەی خۆیانن لە بازاڕەکانی عێراق، گوتی ‘لەسەر ئایکۆ پێویستە ئەویش پێگەی خۆی بەھێز بکات لە رێگەی خستنەڕووی ئۆتۆمبێلی نوێی خودان دیزاینێکی سەردەمیانە’.
گوتیشی ‘من پێم وایە ئایکۆ لە بەرھەمەکانی چینی باشترە لە رووی پەسنەکان و باشی و پتەوی و ئەو خزمەتگوزاریە زۆرەی فەراھەم کراوە لەلایەن کۆمپانیاکەوە لە سەر ئاستی عێراق دا، کە ھی کۆمپانیایەکی ئۆتۆمبێل نەیکردووە’.
جێی باسە شوێنی بەرھەمھێنانی کۆمپانیای زسکۆی ئێرانی 50 کیلۆمەتر لە خوارووی رۆژئاوای پایتەختی عێراق دوورە، واتە لە شاری ئەسکەندەریەی پیشەسازیە، لە سەر پارچە زەویەک رووبەرەکەی 240 ھەزار مەتر چوار گۆشەیە. ھەروەھا ھۆڵێکی بەرھەمھێنانی تێدا ھەیە، کە رووبەرەکەی 18 ھەزار مەتر چوار گۆشە دەبێت، کە دەتوانێت ساڵانە 120 ئۆتۆمبێل بەرھەم بھێنێت.
ئۆتۆمبێلی ئێرانی زیاتر لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دا ھەیە و ھاووڵاتیگەلێکی عێراقی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەیان ھەیە و زۆربەیان لە رێگەی بەرنامەیەکی میری بە قیست کڕیویانە. ئەوەش ناشارنەوە، کە ئۆتۆمبێلەکە خەوشێکی زۆری ھەیە لە رووی دروستکردن و پەسنەکاینەوە، کە ناگەنە دروستکردن و پەسنی جیھانییەوە لە رووی دڵنیایی و باشی و پارێزگاری ژینگە. ئەمە جگە لەوەی بچوکە لە رووی قەبارەیەوە و بەری تامپۆن ناگرن.
ئا- بەهێز عوسمان