لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە پێناو پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیاندا رێگەنادەن گۆشت لە سەر شەقام و دەروازەکانی شاری سلێمانی بەشێوەیەکی نایاسایی و رێگە پێنەدراو بفرۆشرێت و هەر کەسێکیش سەرپێچی ئەم بڕیارە بکات رووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێتەوە،
لەم ڕووەشەوە ئەمڕۆ هەینی 16/5، لیژنەهاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە دەروازە و رێگە سەرەکییەکانی شاری سلێمانی هەڵمەتێکی بەرفراوانیان رێکخست بەمەبەستی رێگری کردن لە دیاردەی سەربڕین و فرۆشتنی گۆشتی ئاژەڵ کە لەسەر رێگەکاندا بە تایبەتی لە رۆژانی هەینیدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەدیدەکرێت ، لەو هەڵمەتەدا لیژنەکان دەستیان گرت بەسەر بڕێک گۆشت و چەند کەرەستەیەکی تایبەت بە سەربڕینی ئاژەڵدا ،
سۆران عەبدولغەفور سەرۆکی لیژنەهاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانیش بەسایتی ژوری رایگەیاند سەربڕین و فرۆشتنی گۆشتی ئاژەڵ لە سەر رێگەکان کارێکی رێگە پێنەدراوە و هەموو ئەو ئاژەڵانەی کە لەو شوێنانەدا سەر دەبڕدرێن پشکنینیان بۆ نەکراوە ئەمەش مەترسی بڵاوبونەوەی نەخۆشی جۆراو جۆری لێ دەکرێت ، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد هەڵمەتەکانیان بەردەوام دەبێت و لە پێناو پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیاندا رێگە نادەن گۆشت لەسەر رێگەکان بەشێوەیەکی نایاسایی بفرۆشرێت . راشیگەیاند پاش ئەوەی لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا چاودێری هەموو ئەو رێگە سەرەکیانەیان کردووە کە ئاژەڵی تێدا سەر دەبڕدێت تائاستێکی بەرچاو دیاردەکە رووی لە کەمبوونەوە کردووە ووتیشی هەڵمەتەکانیان بەردەم دەبێت تا ئەو کاتەی دیاردەکە بەتەواوی بنەبڕدەکرێت.
ز.ر