خاڵبەندی ئەو كەسانەی  دەتوانن لە دابەشكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون سودمەند بن راگەیاندرا

لە كۆبوونەوەیەكدا، لەگەڵ ژمارەیەك لە فەرمانگەكانی شاری سلێمانی و بە ئامادەبوونی میدیاكان, بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی و مەحمود عوسمان بەرێوەبەری ئاماری سلێمانی, خاڵبەندی ئەو هاووڵاتیانەیان راگەیاند كە لە قۆناغی یەكەمی دابەشكردنی یەكەكانی نیشتەجێ‌ بوون لەشاری  سلێمانی دەتوانن سود مەند بن.
لەو رووەوە لە كۆبوونەوەكەدا ئاشكرا كرا ئەو هاووڵاتیانەی خاڵبەندییان لە 17-11 خاڵە و پێشتر لە رێگەی كورتەنامەی مۆبایلەوە پێیان راگەیەندراوە سودمەند دەبن لە وەرگرتنی یەكەكانی نیشتەجێ‌ بوون.
هەروەها، ئەو فەرمانبەرانەی خاڵبەندییەكەیان لە 17- 10 خاڵە بە هەمان شێوە سودمەند دەبن لە وەرگرتنی یەكەكان.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا لیستی 3620 هاووڵاتی و فەرمانبەر  لەو كەسانەی خاڵبەندییەكەیان شمولی وەرگرتنی یەكەكان دەكات لە قۆناغی یەكەمی دابەشكردنی یەكەكاندا لەشاری سلێمانی  رادەستی 10 لە فەرمانگەكانی سلێمانی كرا بۆ وردبینی كردن.
هەروەك ئەوە خرایە روو كە دوای وردبینی كردن لە ناوی ئەو 3620 كەسە ئەگەر دەركەوت ئەو كەسە یەكەی نیشتەجێبوون لە خانوو، شوقە، یان زەوی بەناوەوە هەیە یان سودمەندبووە لە وەرگرتنی سولفەی نیشتەجێبوون، یان لەو كەسانەیە كە خانوو زەوی هەیە لە سنوری گوندەكانی ناوماستەرپلانی شاری سلێمانی  ئەوا ناوەكەی لە لیستەكە دەردەهێندرێت و ناوی تر دەخرێتە جێگەی.
ئاشكراشكرا دوای قۆناغی وردبینی هەموو ناوەكان لە میدیاكانەوە رادەگەیەندرێت.
بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانیش وێرای سوپاس و دەستخۆشی لە بەرێوەبەرایەتی ئاماری سلێمانی كە كارەكانی تا ئەم قۆناغە هێناوە و رایگەیاند ژمارەی ئەو یەكانەی لەم قۆناغەدا دابەش دەكرێت 3620 یەكەو بێ‌ وەرگرتنی پێشەكی لە50% دەدرێت بە هاووڵاتیان 50%ی تری دەدرێت بە  فەرمانبەران و تێچوونی دروستكردنی یەكەكانیش لە ماوەی 25 ساڵدا وەردەگیرێتەوە.
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە لەئێستادا ژمارەیەكی زۆر یەكەی نیشتەجێ‌ بوون لەرێگەی وەبەرهێنانەوە دروست دەكرێت و بەشێوازێكی نوێ‌ بەسەر خەڵكانی كەمدەرامەت و كرێنشیندا دابەش دەكرێت
پارێزگار گەشبینی خۆی نیشاندا كە لەچەند ساڵی داهاتوودا و دوای دروست بوونی دەزگای نیشتەجێ‌ بوونی هەرێم گرفتی كرێنشینی و نەبوونی یەكەی نیشتەجێبوون چارەسەر دەكرێت و بەسەر ئەو گرفتەدا زاڵ دەبین.
بەرێوەبەری ئاماری سلێمانیش ئاماژەی بۆ ئەوە كرد دابەشكردنی یەكە وەك دامەزراندنی فەرمانبەر بووە بە سیستم و سلێمانیش لەم كارەدا پێشەنگە و تەئكیدی كردەوە بەو پەڕی دادوەرانە یەكەكان بە پێی مەرجەكان دابەشدەكرێت.
مەحمود عوسمان  وتیشی: جگەلەشاری سلێمانی لە زۆربەی قەزاكانی سلێمانی لە ئێستادا یەكەی نیشتەجێ‌ بوون دروست دەكرێت و  لە ژمارەیەك لەو قەزایانەش فۆرم دابەشكراوە بۆ پێدانی ئەو یەكانە بە خەڵكانی كەم دەرامەت.
 
ز.ر