هاتنه‌ناوه‌وه‌ی‌ 20 جۆر به‌روبوم و خۆراك قه‌ده‌غه‌ده‌كرێت

وه‌ك هه‌نگاوێكی‌ پێویست بۆ گرنگیدانی‌ زیاتر به‌ به‌روبومی‌ ناوخۆیی‌ و به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ خواست له‌سه‌ر به‌روبومه‌ خۆماڵییه‌كان هاتنه‌ناوه‌وه‌ی‌  20 جۆر به‌روبوم و خۆراك قه‌ده‌غه‌ده‌كرێت و چاودێری‌ زیاتریش ده‌خرێته‌ سه‌ر  هه‌موو ئه‌و به‌روبومانه‌ی‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌هێندرێنه‌وه‌ سنووری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌.

 

له‌  كۆبوونه‌وه‌ی‌ نێوان ئاوات محه‌مه‌د، قایمقامی‌ سلێمانی‌ و لیژنه‌ی‌ چاودێری‌ كردنی‌ بازاڕ و به‌روبووم له‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بڕیاردرا پێداچوونه‌وه‌ به‌هه‌موو به‌روبومی‌ ناوخۆیی‌ و ده‌ره‌كی‌ بكرێت و به‌جۆرێك رێكبخرێت كه‌ له‌ ئاست خواستی‌ جوتیاران و خاوه‌نكاره‌كاندا بێت، هه‌روه‌ها بڕیاردرا هه‌موو ئه‌و گرفت و ئاسته‌نگانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت كه‌ دێته‌ به‌رده‌م رایی‌ كردنی‌ كاره‌كانیان بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئاستی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ به‌روبومی‌ ناوخۆی‌ روو له‌ هه‌ڵكشانی‌ زیاتر بكات و پێداویستی‌ رۆژانه‌ی‌ هاوڵاتیان دابین بكات.



له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌جێبه‌جێ كردنی‌ بڕیاری‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ ئه‌و به‌روبومه‌ ده‌ره‌كیانه‌ كرا كه‌ له‌ ئێستادا له‌ ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و پێویست ناكات له‌ ده‌ره‌وه‌ هاورده‌ی‌ هه‌رێم بكرێت، كه‌ ئه‌ویش ژماره‌یان 20 جۆره‌و له‌م وه‌رزه‌دا له‌ ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پێگه‌یشتووه‌ و تا ئاستێكی‌ باش ده‌توانرێت پشتی‌ پێ ببه‌سترێت بۆ پڕكردنه‌وه‌ی‌ پێداویستی‌ هاوڵاتیان، ئه‌وه‌ش خرایه‌ڕوو بڕیاره‌كه‌ له‌ ناوه‌راستی‌ مانگی‌ نیسانی‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ چووه‌ته‌ بواری‌ جێبه‌جێ كردنه‌وه‌ و مه‌به‌ست لێی‌ بۆ گرنگیدانی‌ زیاتره‌ به‌ به‌روبومی‌ ناوخۆی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ جوتیاران و خاوه‌ن پڕۆژه‌كان له‌ رووی‌ مادییه‌وه‌ سودی‌ زیاتر له‌ به‌روبومه‌كانیان ببینن.



قایمقامی‌ سلێمانی‌ ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌شكرد له‌ پێناو پاراستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ پێداچونه‌وه‌ به‌ هه‌موو به‌روبومه‌ ناوخۆیی‌ و ده‌ره‌كه‌ییه‌كاندا ده‌كرێت و به‌جۆرێك رێكده‌خرێت كه‌ كاریگه‌ری‌ نه‌كاته‌ سه‌ر به‌ره‌وبومی‌ ناوخۆی‌ و هه‌روه‌ها له‌رووی‌ جۆرییشه‌وه‌ چاودێری‌ زیاتری هه‌موو به‌روبومه‌كان ده‌كرێت و رێگه‌ به‌هیچ خواردن و به‌روبومێك نادرێت كه‌ زیان به‌ ته‌ندروستی‌ هاوڵاتیان بگه‌یه‌نێت، بۆ چاودێری‌ كردنی‌ زیاتری‌ ئه‌م لایه‌نه‌ش بڕیاردرا لیژنه‌یه‌كی‌ هاوبه‌ش له‌ هه‌موو فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی‌ حكومه‌ت پێكبهێندرێت  بۆ ئه‌وه‌ی‌ پشكنینی‌ زانستی‌ بۆ هه‌موو به‌روبومه‌كانی‌ خۆراك و سه‌وزه‌و  میوه‌ بكرێت و پاش دڵنیابوون رێگه‌ بدرێت بهێندرێته‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌.



له‌ به‌شێكی‌ تری‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا كه‌ له‌ مه‌رز و خاڵه‌ سنورییه‌كاندا كار ئاسانی‌ و هه‌ماهه‌نگی‌ زیاتر پێشكه‌ش به‌ كاسبكار و بازرگان بكرێت و هه‌روه‌ها كێشه‌ی‌ زۆری‌ مانه‌وه‌ی‌ ئوتومبێله‌ بارهه‌ڵگره‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت و له‌ ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا كاره‌كانیان رایی‌ بكرێت.


له‌ كۆتایی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا له‌ پێناو زیاتر پاراستنی‌ ته‌ندروستی‌ هاوڵاتیان و هه‌روه‌ها داكۆكی‌ كردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گشتی‌ جه‌خت له‌سه‌ر به‌رده‌وام بوونی‌ كاره‌كانی‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی‌ قائیمقامیه‌تی‌ سلێمانی‌ كرایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ وورد و به‌به‌رده‌وامی‌ چاودێری‌ بازاڕ و هه‌موو شوێنه‌كان بكرێت و رێگه‌نه‌درێت كه‌ره‌سته‌و خواردنی‌ زیان به‌خش  بگاته‌ ده‌ستی‌ هاوڵاتیان. 
 
ز.ر