ئێران كێشه‌ی مه‌رزه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێم چاره‌سه‌ر ده‌كات

حكومه‌تی ئێران به‌ نیازه‌ هه‌موو كێشه‌كانی سه‌ر سنوری له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و عێراق چاره‌سه‌ر بكات كه‌ كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌نارده‌ و هاورده‌كردن كاڵا و شمه‌ك.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئێواره‌ی دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 14-5 كۆبوونه‌وه‌یه‌ك به‌ ئاماده‌بوونی پارێزگاری پارێزگاكانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌گه‌ڵ جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆك كۆماری ئێران له‌ تارانی پایته‌ختی ئێران به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ تێیدا پارێزگاره‌كان سه‌رجه‌م كێشه‌ و گرفته‌كانی سه‌ر سنور و مه‌رزه‌ بازرگانییه‌كانیان خسته‌روو و جێگری سه‌رۆك كۆماریش بریاری چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌و كێشانه‌ی به‌ پارێزگاره‌كان دا.
له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ئیسحاق جیهانگیری جێگری سه‌رۆك كۆماری ئێران رایگه‌یاند: گه‌شه‌ پێدانی بازرگانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كاریگه‌ری راسته‌وخۆی هه‌یه‌ له‌سه‌ر بوژاندنه‌وه‌ی پارێزگا كوردنشینه‌كان بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موو ئاسانكارییه‌ك بۆ بازرگانه‌كان بكرێ و خزمه‌تگوزاریی زیاتر له‌ مه‌رزه‌كان دابین بكه‌ین.
جێگری سه‌رۆك كۆماری ئێران گوتیشی: هه‌لێكی باش بۆ بازرگانی كردن له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان ره‌خساوه‌ و پێویسته‌ له‌و بازرگانی كردنه‌ ئامانجه‌ ئابوورییه‌كانمان بپێكین.
له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا وه‌زیری ئابووری و دارایی و راوێژكاری سه‌رۆك كۆماری ئێران و به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شه‌پێدانی ئابووری ئێران له‌گه‌ڵ عێراق ئاماده‌بوون.
رۆسته‌م قاسمی به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شه‌پێدانی ئابووری ئێران و عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسی كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان كرد و باسی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی كرد كه‌ بازرگانی كردنی ئێرانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان سڕ كردووه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ بڕیار درا له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا به‌دواداچوون بۆ كێشه‌ و ئاسته‌نگی هه‌موو مه‌رزه‌كان بكرێت و هه‌وڵی چاره‌سه‌ر كردنیشیان بدرێت.
ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ پێشتر رۆسته‌م قاسمی به‌ سه‌ردانێك گه‌یشته‌ هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستان باسیان له‌كێشه‌كانی سه‌ر سنور و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی بازرگانی و چه‌ند رێكه‌وتنێك بۆ ناردنی گازی ئێران بۆ هه‌رێمی كوردستان كردبوو.
 
باسنیوز