دەزگاى ئایندەى گەش، رێکخراوێکى رەسمى حکومەتى هەرێمى کوردستانە و هەڵدەستێت بە پێدانى قەزرى بچوک و مامناوەند بەهاووڵاتیان و لەئێستادا دەزگاکە تا بڕى 50 هەزار دۆلار قەرز دەدات بەو هاووڵاتیانەى داواى قەرز دەکەن بۆ پرۆژەکانیان.
دەزگاى ئایندەى گەش، وەک دەستەیەک لەسەر فەرمانى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان لە ساڵى 2007 دامەزراوە.
دەزگاکە لەسەرجەم پارێزگاکانى کوردستان نوسینگەى هەیە، لە پارێزگاى سلێمانى جگەلە شارى سلێمانى لە شارۆچکەکانى ترى پارێزگاکە لقى هەیە لەوانە: هەڵەبجەى شەهید، رانیە، قەڵادزێ، بازیان، دەربەندیخان.
ئامانجى دەزگاى ئایندەى گەش پەرەپێدانى ژێرخانى ئابورى هەرێمى کوردستانە لە رێگەى هاندانى پرۆژەى بچوک و مامناوەندەوە.
ئەو کەسانەى پێویستیان بەقەرزە بۆ ئەنجامدانى پرۆژەکانیان دەتوانن داواکارییەکانیان پێشکەشى لق و نوسینگەکانى دەزگاکە بکەن، دەزگاکەش بەپێى جۆر و تواناى ئابورى پرۆژەکە لەماوەى چەند رۆژێکدا قەرزەکەیان پێ دەدات.
دەزگاکە بۆ ئەم بوارانەى خوارەوە قەرز بەشێوەى ئیسلامى و فائیدە دەدات: دامەزراندنى پرۆژەى بچوک ، پەرەپێدانى پرۆژەى بچوک، پرۆژە کشتوکاڵییەکان، ئۆتۆمبێلى تەکسى وکرآ و بەرهەڵگر، قەرزى خوێندن لە کۆلێژە ئەهلییەکان، مورابەحەى ئیسلامى، قەرزى بەکاربردن، نۆژەنکردنەوەى خانووبەرە، کڕینى لابتۆپ، قەرزى پرۆژەى مامناوەند کە تا بڕى 50 هەزار دۆلار هەڵدەکشێت.
بۆ پێدانى قەرز دەزگاى ئایندەى گەش، لێکۆڵینەوە لە تواناى پرۆژەکان و تواناى کەسەکان بۆ دانەوەى قەرزەکان دەکات و لەسەر ئەو بنەمایە قەرز دەدات بۆ ئەوەى ئەو کەسەى قەرزەکە وەردەگرێت، تواناى دانەوەى قەرزەکەى هەبێت و لەرووى دەرونییەوە قەرزەکە بارگرانى لەسەر دروست نەکات.
داواکارانى قەرز لەو دەزگایە دەتوانن بەهەردوو شێوەى قەرزى ئیسلامى و فائیدە داواى قەرز لە دەزگاکە بکەن، بۆ وەرگرتنى قەرزەکەش تەنیا کەفیلى فەرمانبەرێکى حکومى داوا دەکرێت.
هۆگر شاڵى سەرۆکى دەستەى بەرێوەبردنى دەزگاى ئایندەى گەش رایگەیاند کاروئامانجى دەزگاکە بۆ پێشخستنى ئابورى هەرێمى کوردستان و کەمکردنەوەى رێژەى بێ کارى و گەشەپێدانى کەرتى تایبەت.
وتیشی تائیستا دەزگاى ئایندەى گەش توانیوویەتى قەرز بدات بە 21 هەزار و 700 کەس کە سەرجەم بڕەکەى 55 ملیون و 500 هەزار دۆلار بووە و لەم ساڵیشەوە دەزگاکە قەرزى مامناوەند دەبەخشێت کە بڕەکەى تا 50 هەزار دۆلار هەڵدەکشێت.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد تەنیا لە شارى سلێمانى قەرزیان بە 10 هەزار کەس بەخشیووە.
ز.ر