وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەران چەندین رەخنە ئاراستەی دەستەی وەبەرهێنەرانی هەرێمی كوردستان دەكاتو لەبارەی قازانجی وەبەرهێنەرەكانیشەوە دەڵێت “وەبەرهێنەر هەبووە 100 دۆلاری قەرزكردوەو پرۆژەی بۆ دەرچوەو 100 دەفتەر قازانجی كردووە”.
مەلا یاسین وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەران لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی هاوڵاتیدا ، ئاماژە بەوەشدەكات كە هەندێك لەوەبەرهێنان خاوەنی سەرمایە نەبوون، بەڵام لە رێگەی وەرگرتنی مۆڵەتی پڕۆژەكانەوە دەوڵەمەندبوون.
وتی “زۆربەی وەبەرهێنەرەكان پێشەكی پارەیان نەبووە، ئێمە ئەو شایەتیە دەدەین كە وەبەرهێنەر هەبووە 100 دۆلاری قەرز كردووە ئەو پارەیە كە هیچ واتایەك نابەخشێت، چووتە یەكێك لە بەڕێوەبەرایەتییەگشتیەكان كە حەزناكەم ناوەكەی بڵێم، (بەڕێوەبەرایەتیەكە خۆی خوێندیەوە یەكسەر دەزانێت)، لەوێ پرۆژەیەكیان داوەتێ مۆڵەتەكەیان داوەتێ خستویەتییە گیرفانییەوەو دواتر فرۆشتویەتییەوە بە 100 دەفتەر دۆلار قازانج”.
وتیشی “واتە بە 100 دۆلاری قەرز، 100 دەفتەر دۆلاری قازانج كردووە، جا كێش ئەڵێ وانییە بابێت من وەك وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان ئامادەیم هەیە لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا رووبەرووم بێتەوە”.
وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەران جەختدەكاتەوە كە ئەو راستییە ناشارنەوە لە رابردوودا وەبەرهێنەر سوودمەندی یەكەم بووە لە پرۆژەكانی نیشتەجێبوون تاوەكو هاوڵاتیان.
سەرچاوە : هاوڵاتی