لە كوردستان ڕێژەی هاوردەو ناردەكردن بەڕێژەی لە 50% كەمی كردووە

بەهۆی پێك نەهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كێشەكانی هەرێم زیاتر دەبێت و وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستانیش رایدەگەیەنێت،  بەهۆی ئەو كێشە سیاسیانەوە ڕێژەی هاوردەو ناردەكردن لە شەش مانگی ڕابردوودا بەڕێژەی لە 50% كەمی كردووە ئەمەش بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا ڕێژەكە زۆر كەمی كردووە.

 یاسین محمود رەشید وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لقی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەانیدا رایگەیاند: هەرێمی كوردستان ئەگەر وریایی نەبین ئەوا دەكەوینە قەیرانەوە و هۆكاری كێشەی دابەزینی هاوردەو ناردە دەگەرێتەوە بۆ چەند خاڵێك.
 
یەكەم: نەمانی پارە لەبانكەكاندا و كەمبوونەوەی نەختینە.
دووەم: دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران.
سێیەم: دواكەوتنی سولفەی بەڵێندەران و پرۆژەكان.
چوارەم: راگرتنی بانگەوازی پرۆژەكان لە 17ی شوباتەوە.
پێنجەم: پەسەند نەكردنی بودجەی عێراق.
شەشەم: كێشەكانی نێوان هەێم و حكومەتی ناوەند.
حەوتەم: پێك نەهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان نزیكەی نۆمانگی تێپەڕاندووە.
هەشتەم:  دووبانگەشەی هەڵبژاردن لە كەمتر لە ساڵێكدا.
نۆیەم: كۆنەبوونەوەی ئەنجومەنە ئابورییەكان.
دەیەم: ناسەقامگیری ئابوری وڵاتانی دراوسێ.
یانزەیەم: ململانێ سیاسیەكانی نێوان حزبە دەسەڵاتدارەكان.
 
 ئاماژەی بەوەشكرد كە، “بەهۆی ئەو كێشانەوە ڕێژەی قەبارەی هاوردەو ناردەكردن لە شەش مانگی ڕابردوودا بەڕێژەی لە 50% كەمی كردووە ئەمەش بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوودا ڕێژەكە زۆر كەمی كردووە”.
 
یاسین مەحمود جەختی كردەوە كە،” خاوبوونەوەی وەبەرهێنان لەماوەی یەك ساڵدا نزیكەی 7ملیار دۆلار مۆڵەت درا بەپرۆژەكان، بەڵام بەداخەوە لە ساڵی 2014دا بەهەرسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان ملیارێك دۆلار مۆڵەت نەدراوە بە وەبەرهێنەران”.
     
راشی گەیاند: “حكومەتی هەرێم لە ئێستادا حكومەتێكی كار بەڕێخەرەن بەڵام دروست بوونی حكومەت خۆی لە خۆیدا نیوەی ئەو قەیرانەی هەرێمی كوردستانی گرتوەتەوە چارەسەر دەبێت”.