وتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم رایدەگەیەنێت: لە سەرەتای مانگی شەش-ی ئەمساڵ هێلی ئاسمانی نێوان هەرێمی كوردستان -تونس بكرێتەوە.
نادر رۆستی بە سایتی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی راگەیاند:باڵێوزی تونس ئاماژەی بە كردنەوەی هێڵی ئاسمانی نێوان هەرێمی كوردستان و تونس كرد كە لەسەرەتای مانگی شەش بەهاوكاری كۆمپانیایەكی هەرێمی كوردستان بەفەرمی دەكرێتەوە و دەست بەكار دەبێت، فرۆكەكەش شاندێكی تونس لەگەڵ خۆی بۆ هەرێمی كوردستان دێنێت كە بەرپرسانی بواری گەشتیار و بازرگانی و وەبەرهێنان و نزیكەی 70 رۆژنامەنووسیش لەخۆ دەگرێت.
وتەبێژی دەستەی گەشت و گوزاری هەرێم وتیشی: لەمیانەی سەردانێكیدا بۆ دەستەی گشتی گەشت و گوزاری هەرێم باڵێوزی تونس لە عێراق و سەرۆكی دەستەی گەشت و گوزاری هەرێم باسیان لە هاوكاری گەشتیاری لەنێوان و تونس و هەرێمی كوردستان كرد.وباس لە وەبەرهێنان لە بواری هوتێل و بوارەكانی تر كرا كە دەبنە هۆی پێشخستنی كەرتی گەشتوگوزار لە كوردستان.
رۆستی ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم هەنگاوە پەیوەندی نێوان هەردوولا پتەوتر دەكەن و دەبنە هۆكار بۆ پتەوكردنی پەیوەندی گەشتیار و زیاتر ناساندنی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی جیهان.
ئا- بەهێز عوسمان