بەهۆی قەرزارییەوە بەڵێندەرێك هەوڵیدا خۆی بكوژێت

بەڵێندەرێك كەئەندامی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان لقی سلێمانیە، بەهۆی قەرزاربونی لەپرۆژەیەكدا هەوڵی خۆكوشتن دەدات و گوللە یەك بەخۆیەوە دەنێت ‌.
وتەبێژی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان لقی سلێمانی بە سایتی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی راگەیاند: رەوشی بەڵێندەران خراپ و مەترسیدارە و ئەو بەڵێندەرە كێشەی لەپرۆژەكەیدا هەبووە و لەبەر قەرزاری هەوڵی خۆ كوشتنی داوە .
میران كامیل وتیشی: هەرچەندە پارێزگاری سلێمانی بەڵێنی پێداوە كەكێشەكەی چارەسەر بكات، بەڵام دیارە قەرزاری تینی بۆ ئەو بەڵێندەرە هێناوەو گوللەیەكی ناوە بەخۆیەوە.
ئەو وتەبێژەی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: بەڵێندەرەكە لە بواری رێگاوباندا كاردەكات و كەسایەتییەكی دیاری شاری سلێمانییە و تەمەنی 60 ساڵە و گوللەیەكی دەمانچەی بەخۆیەوە ناوە و بەر ریخۆڵەكانی كوتوە .
لەبارەی رەوشی بەڵێندەران بەگشتی، میران كامیل وتەبێژی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان لقی سلێمانی دەڵێت: رەوشی بەڵێندەران زۆر خراپە و ئەمەش بەڵێندەرانی توشی ئیفلاسی و كێشەی كۆمەڵایەتی گەورە كردووە، دواجاریش ئەوەی زەرەرمەندی یەكەمە هاونیشتیمانیانی كوردستانە، چونكە پرۆسەی 
ئاوەدانكردنەوەی كوردستان دوا دەكەوێت.
بەپێی زانیارییەكان ئەمرۆ وەفدێكی یەكێتی بەڵێندەرانی كوردستان لقی سلێمانی كەپێكهاتون لەسەرۆك و جێگرو وتەبێژ، سەردانی بەڵێندەرەكەیان كردووە و، لەئێستاشدا باری تەندروستی بەڵێندەرەكەش جێگیرە.
بەڵێندەرە لەبەر سومعەی خانەوادەكەی داوای كردووە بەهیچ شێوەیەك ناوی نەهێنرێت.