مەلا یاسین:له‌ئێستادا بەقۆناغێكی‌ نوێمان لەهاوكاریکردنی حکومەت ده‌ستپێكردوه‌.

 

به‌رپرسی‌ لقی‌ سلێمانی‌ یه‌كێتی‌ وه‌به‌رهێنه‌ران رایده‌گه‌یه‌نێت، نزیكه‌ی‌ 500 ملیار دینار له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌رانه‌وه‌ وه‌ك قه‌رز دراوه‌ته‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بۆ هاوكاریكردنی‌ له‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی‌ تێیكه‌وتوه‌

 

 یاسین مه‌حمود، به‌رپرسی‌ لقی‌ سلێمانی‌‌و وته‌بێژی‌ یه‌كێتی‌ وه‌به‌رهێنه‌رانی‌ كوردستان ، له‌لێدوانێكی‌ بەسایتی ژووری راگه‌یاند، ئه‌و قه‌رزانه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردودا له‌لایه‌ن وه‌به‌رهێنه‌ر‌و كه‌رتی‌ تایبه‌ت‌و كۆمپانیاكان به‌گشتی‌ درایه‌ حكومه‌ت‌ گه‌یشته‌ ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی‌ ده‌توانن بڵێن زۆر له‌وه‌ زیاتربو كه‌ میدیاكان باسیان ده‌كرد.



ئاماژه‌شیدا، زۆربه‌ی‌ زۆری‌ وه‌به‌رهێنه‌ران ئه‌و قه‌رزانه‌یان وه‌رنه‌گرتوه‌ته‌وه‌.



ناوبراو وتی‌، له‌ئێستاشدا به‌شێوه‌یه‌كی‌ تر هاوكاری‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ن، به‌وه‌ی‌ ئه‌و چه‌كانه‌ی‌ به‌ڵێنده‌ران‌و وه‌به‌رهێنه‌ران وه‌ریده‌گرن له‌م قۆناغه‌دا خه‌رجناكرێت، به‌ڵكو تا دوو مانگی‌ تریش ئه‌و پارانه‌ی‌ وه‌ریده‌گرن ئه‌وان له‌بانكه‌كاندا رایناكێشن.



پاش ئه‌وه‌ی‌ به‌هۆی‌ كێشه‌كان له‌سه‌ر داهات‌و هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وت حكومه‌تی‌ ناوه‌ند بڕیاریدا به‌وه‌ستاندنی‌ ناردنی‌ بودجه‌‌ی‌ حكومه‌ت‌و موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، سه‌رمایه‌دار‌و وه‌به‌رهێنه‌ران و بازرگانان پڕۆژه‌یه‌كیان بۆ هاوكاری‌‌و پاره‌داركردنی‌ بانكه‌كان له‌رێی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ پاره‌وه‌ ده‌ستپێكرد.



یاسین مه‌حمود رونیشیكرده‌وه‌، ئه‌و هه‌نگاوه‌ی‌ ئێستایان له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ به‌ڵكو به‌هه‌موو لایه‌ك موچه‌ی‌ مانگی‌ چوار دابینبكرێت كه‌ تائێستا دواكه‌وتوه‌. ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕو، بۆ تێپه‌ڕاندنی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ له‌ماوه‌ی‌ رابردودا وه‌به‌رهێنه‌ران نزیكه‌ی‌ 500 ملیار دیناریان وه‌ك قه‌رز داوه‌ته‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم.

ز.ر