كاتێك ئاو دەبێت بەكاڵای بازرگانی

ئاو بابەتی بازرگانیە یاخود مافێكی مرۆڤایەتی؟
ئەمە پرسیاری سەرەكی ئەمڕۆی جیهانە، بەتایبەتی كە لەم ساڵانەی دواییدا پرۆسەی بەتایبەتی كردن روو لەروبارو سەرچاوەكانی ئاوی شیرینەو ئاوی فرێش سات‌و سەوداو بازرگانی پێوە دەكرێت، ئەم بازرگانیە سوودو قازانجێكی ئێجگار زۆر بەكۆمپانیاكانی ئاوی خواردنەوە دەگەیەنێت‌و خەڵكی هەژار‌و بێدەرامەتیش لەشاڕەگی ژیان بێبەش دەكات.
ساڵانێكە پرۆسەی بەتایبەتی كردنی ئاو، لەوڵاتانی تازە گەشكردوودا، كەلێنێكی چینایەتی گەورەی دروستكردووە، لەسایەی گەندەڵیدا لەم وڵاتانە هەلومەرجێك رەخساوە كە دەوڵەمەندەكان زیاتر لەوڵاتانی پێشكەوتوو خزمەتگوزاری‌و ئاوی زیاتریان بۆ فەراهەم دەكرێت، واتە لەوڵاتانی تازەگەشەسەندودا چینە دەوڵەمەندەكان بەراورد بەچینی دەوڵەمەند لەوڵاتانی پێشكەوتودا دەستی بەرێژەیەكی زیاتری ئاوو (زۆرجاریش بەخەرجیەكی كەمتر) دەگات.
هەربۆیە لەم وڵاتانەدا بەتەنها هەژارەكان لەبایەخ‌و گرنگی‌و بەهاو نرخی ئاوی بەكارهێنراو تێدەگەن، 
تەنانەت لەهەندێك لەوڵاتانی گەشەسەندوودا كەم دەرامەتەكان‌و بەتایبەتی ژنان، كێش‌و قەبارەی ئەو ئاوەی بۆ بەكارهێنانی رۆژانە پێویستیانە دەزانن، چونكە ناچارن بچن لەسەرچاوەكانەوە، ئاو بۆ ماڵەوەیان بهێنن. ئەمە جگە لەوەی كە زۆرجاریش، دەسەڵاتی سیاسی دەخرێتە خزمەتی ئەوانەوەو ئاوی پیچویست بۆ چینە دەوڵەمەندەكان دابین دەكات، هەربۆیە ئەو چینە لەپێویستیەكانی خۆی بەئاو بێئاگایە.
تەنانەت ئەوان كاتێك كە ئاو لەسۆپەرماركێتەكان دەكڕن، سەرنج لەكێش‌و قەبارەی ئاوی خواردنەوەیان نادەن چونكە هیچ كاتێك ئەو دەبە ئاوانە بەپێ‌ هەڵناگرن‌و دەیخەنە ئوتومبێلەكانیانەوە.
بازرگانی كردن بەئاوەوە، بازرگانیەكی نوێیە، لەم سات‌و سەوداكردنەدا بەئاوەوە، دەوڵەمەندەكان زیاتر لەهەژاران دەستیان بەئاو دەگات‌و ئەوانەی كە توانای كڕینی ئاویان نییە، لەو مافە مرۆڤانەیەی خۆیان بێبەش دەبن. هەربۆیە زۆرێك لەرێكخراوە مرۆیەكان، بەتایبەتی كردنی ئاو بەپێشێلكردنی ساكارترین مافی مرۆڤ دەزانن‌و بە”دوا گوناحە”ی مرۆڤی ناودەبەن.
لەسایەی ئەم تایبەتی كردنەدا، لەوڵاتێكی وەك هندستان، روباری شیوناس بەكۆمپانیای RWL سپێردراوە، ئێستا ئەم كۆمپانیایە بەمەبەستی رێگرتن لەخەڵكی دەوروبەری ئەو روبارە لەدەستگەیشتن بەئاو، سوود لەهێزی پۆلیس دەبینێت. چەندین دێهات لەم ناوچەیەدا لەمافی خۆیان كە سەودوەرگرتنە لەئاوی ئەم روبارە بەمەبەستی ماسیگرتن‌و مەلەكردن‌و خۆشۆردن بێبەش بون. تەنانەت روباری پیرۆزی گانج لەپرۆسەی بەتایبەتی كردن بەدەر نەبووە, كۆمپانیای سوئێز كە گەورەترین كۆمپانیای ئاوی جیهانە كارگەیەكی لەدەهلی دامەزراندوە‌و ئاوی گانج بەدانیشتوانی ئەو وڵاتە دەفرۆشێت.
كۆمپانیای ئەدرۆدگرۆمنت كە كۆمپانیایەكی سەر بەكۆمپانیای سوئێزە گرێبەستێكی لەگەڵا دەوڵەتی هندستان بەبڕی 2 ملیار روپیە بەمەبەستی دیزاین‌و دروستكردن‌و جێبەجێكردنی كارگەیەك بەستووە بۆ ئەوەی رۆژانە 635 ملیۆن لیتر ئاوی خواردنەوە بەرهەم بهێنێت.
لەگەڵا زۆربونی خواست لەسەر ئاوی فرێش، ئەم مادەیە بۆ كۆمپانیا نێودەوڵەتیەكان بووە بەكاڵایەكی بازرگانیی گەورە، دوو كۆمپانیای سەرەكی لەپیشەسازی ئاودا بریتی لەك كۆمپانیای فەرەنسی ڤیۆندی‌و سویڤ لیونادی ئێكس، كە روبەری ئیمپراتۆریەتەكەیان 120 وڵاتی جیهانی گرتووەتەوە.
ڤیۆند، كۆمپانیایەكی زەبەلاحە كە قەبارەی سات‌و سەودا كردنی 17 ملیار دۆلاری تێپەڕاندوە، بڕی بازرگانی كردنی بەئاوەوە پێنج ملیار دۆلار زیارترە.
ڤیۆند لقێكە لەویندی یونیورسال كە خاوەنی تۆڕێكی گەورەی میدیایی‌و كۆمینیكەیشن‌و ئینتەرنێتە، هەروەها لەبەڕێوەبردنی خۆڵا‌و خاشاك‌و وزە‌و گواستنەوەدا چالاكە، دەرامەتی فرۆشتنی ساڵانەی لەئاو خۆی دەدات لە200 ملیۆن یۆرۆ. كۆمپانیای ئۆنێكس هەم سەر بەگروپی كۆمپانیاكانی ویندیە.
ئۆگۆئاسی ئیسپانیە یەكێكی ترە لەكۆمپانیا زەبەلاحەكانی ئاو كە لەئەمەریكای لاتین چالاكە، دوو كۆمپانیای بەریتانی (بایواتر‌و تامس) لەئاسیا‌و ئەفریقای باشور‌و وڵاتانی كیشوەری ئەمەریكا چالاكن. 
كۆمپانیایەكی دیكەی خاوەنی ئاو لەئاستی جیهاندا كۆمپانیای جەنرال ئەلكتریكە كە بەهاوكاری بانكی جیهانی، سندوقی سەرمایەگوزاری بەئامانجی بەتایبەتی كردنی ئاو لەجیهاندا دامەزراند.
بازاڕی ئاوی ئەمەریكا كە بڕەكەی بە 90 ملیار دۆلار مەزندە دەكرێت، گەورەترین بازاڕی ئاوە لەجیهاندا، كە كۆمپانیای ویندی بەشێوەیەكی سەرەكی دەستی گرتووە بەسەریداو سەرمایەگوزاری تیادەكات. لەمارسی 1999دا كۆمپانیای فیلتەری ئەمەریكی بەبڕی شەش ملیار دۆلار كڕی‌و بەمجۆرە گەورەترین كۆمپانیای ئاوی ئەمەریكای باكوری خستە سەر خۆی، كە باس لەوە دەكرێت ساڵانە 12 ملیار دۆلار قازانج بكات.
كاتێك كە كۆمپانیا گەورەكان دێنە گۆڕەپانەوە، نرخی ئاو بەرزتر دەبێتەوە، بەهاتنی كۆمپانیای بایواتر بۆ كەنداوی سیبیك لەفلپین، نرخی ئاو 400% بەرز دەبێتەوە، بەمەرجێك هەندێكجاریش بەهاتنی ئەو كۆمپانیا زەبەلاحانە لەكوالێتی ئاوی دەبەكان دێتەخوار.
لەساڵی 2002دا، لەوڵاتی پۆلیڤیا لەناوچەی “تۆچامبا” كۆمپانیای ئەمریكی Bechtel بەڕادەیەك نرخی ئاوی بەرز كردەوە، كە بووە مایەی ناڕەزایی خەڵكی‌و سەرەنجام Bechtel ناچار كرا كە پۆلیڤیا بە جێبێڵێ. 
فرۆشی ئاو لەوڵاتانی ئەفریقیا هەندێكجار گرانترە لە لەندەن‌و نیۆرك، لەهەندێك ناوچەی مەكسیك ئاوی خواردنەوە بەئەندازەیەك دەگمەن‌و كەمە كە منداڵان لەبری ئاو، سوود لەكۆكاكۆلا‌و پیپسی دەبینن. 
فرۆشی كۆكاكۆلا لە195 وڵاتی جیهاندا، دەرامەتی 16 ملیار دۆلارە. كەمئاوی سەرچاوەیەكە بۆ سوودوەرگرتنی ئەم كۆمپانیایانە، ئەمانە دەزانن كە تەنها ئاو دەتوانێت تینوێتی بشكێنێت‌و لەم روەوە هەمو هەوڵی خۆیان بۆ كۆنتڕۆڵا كردنی بازرگانی دەبەی ئاو چڕ كردوەتەوەو هەریەك لەم دو كۆمپانیایە ساڵانە نزیكەی شەش ملیار گالۆن ئاو دەفرۆشن.
لەهندستان كۆمپانیای پارل بیسری دەیەوێت ركەبەری كۆمپانیای كۆكاكۆلا‌و پیپسی بكات، ئەم كۆمپانیایە 60% بازاڕی ئاوی ئەو وڵاتەی قۆرغ كردووە بۆ خۆی، سوودی ئەم كۆمپانیا زەبەلاحە لەساڵی 2002دا 288 ملیۆن دۆلار بوو. بەڕێوەبەرەكەی پێشبینی دەكات كە بازاڕی ئاوی ئامادە لەماوەی سی ساڵی داهاتوودا پێش بازاڕی خواردنەوە گازیەكان بكەوێت. لەئێستادا 14% پیشەسازی خواردنەوەی نائەلكهولی بۆ خۆیان تەرخان كردوە. ئێستا نرخی دەبە ئاوێكی یەك لیتری ئەم كۆمپانیایە 20 سەنت‌و پێنج لیتری 52 سەنتە. 
بەڕێوەبەری ئەم كۆمپانیایە هیوادارە لەڕێگەی هێنانەخواری نرخی بەروبومەكانیەوە فرۆشی لەپیسپسی‌و كۆكاكۆلا زیاتر بێت.
 
گۆڤاری ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی