نێچیرڤان بارزانی‌و ئەردۆگان پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوانیان تاوتوێ دەكەن

نێچیرڤان بارزانی‌و رەجەب تەیب ئەردۆگان، پەیوەندیی دووقۆڵی هەرێمی كوردستان و توركیا لە بواری ئابوری و ووزەدا تاوتوێدەكەن‌و جەخت لەسەر فراوانكردنی ئەو پەیوەندییانە دەكەنەوە.
لە پەراوێزی بەشداریكردنی لە ‌كۆنفرانسی ووزەو ئابوری ئاتلانتیك، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 16ی 11ی 2012، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوی بە ڕەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆك وەزیرانی توركیا كەو‌ت.
بەپێی راگەیەندراوێكی بەشی راگەیاندنی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە دیدارێكدا هەردوولا باسیان لە پەیوەندیی دووقۆڵی هەرێمی كوردستان و توركیا بە تایبەتیش لە بواری ئابوری و ووزەدا كرد و تیشكیان خستە سەر چۆنیەتیی برەودان و فراوانكردنی زیاتری پەیوەندییە ئابوورییەكان و بەرزكردنەوەی زیاتری ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیادا.
بەپێی راگەیەندراوەكە نێچیرڤان بارزانی و ڕەجەب تەییب ئەردۆغان داكۆكیان لە سەر هاوكاری و هەماهەنگی و فەراهەمكردنی ئاسانكاریی زیاتری نێوان لایەنە پەیوەندارەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا و چارەسەركردنی ئەو ڕۆتین‌ و گرفتانەی دەبنە ڕێگر لە بەردەم فراونبوونی چالاكیی ئابووری و بازرگانیی نێوان هەردوولا كردەوە.
‌كۆنفرانسی ووزەو ئابوری ئاتلانتیك لە لایەن ئەنجوومەنی ئاتلانیتكەوە ڕێكخراوە و لە ئەستەنبول بەڕێوەدەچێت.
دیداری نێوان نێچیرڤان بارزانی‌و ئەردۆگان هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی مانگرتنی زیندانیانی كورد لەزیندانەكانی توركیادا‌و بەپێی راگەیەندراوەكە سەرۆكی حكومەتی هەرێم‌و سەرۆك وەزیرانی توركیا باسیان لەمانگرتنی كوردانی باكور نەكردووە.