لەسەر پێشنیازی ئەنجومەنی وەزارەت، وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رەزامەندیی داوە بە كردنەوەی دو پەیمانگەی نەوت.
هاجەر داود وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ (باس) رای گەیاند: ئەو دوو پەیمانگەیەی نەوت كە یەكیان لە هەولێرە و ئەوی تریش لە دهۆكدا، هەردوو پەیمانگەكە هی كەرتی تایبەت دەبن و لەژێر چاودێر و رێنمایی وەزارەتی پەروەردە دەبن.
هاجەر داود ئاماژەی بە چۆنیەتیی وەرگرتنی قوتابیان لە هەردوو پەیمانگەكە دا و وتی: ئەو قوتابیانەی لە پەیمانگەكە دەخوێنن، دەبێ قۆناخی نۆی بنەڕەتی تەواو بكەن، خوێندن بۆ ماوەی 5 ساڵ دەبێت، بڕوانامەی دبلۆم بە دەرچوان دەدرێت. پرۆگرامەكەشی لە ئامادەكردندایە و دواتر وەزارەت رەزامەندییان لەسەر دەدات.
لە هەرێمی كوردستان 14 زانكۆی ئەهلی مۆڵەتیان پێدراوە، بەڵام هیچ زانكۆیەكی تایبەت بە زانستی نەوت مۆڵەتی نەدراوە. لە زانكۆ حكوومیەكانیش جگە لە چەند بەشێك هیچ زانكۆ و پەیمانگەیەكی نەوت نییە.
وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ئەوەشی خستە روو هەردوو پەیمانگەكە بۆ ساڵی خوێندنی 2014 -2015 واتا ساڵی داهاتوو دەست بە وەرگرتنی قوتابیان دەكەن و دواتریش قوتابیان بەپێی ئەو نمرەیە وەردەگیرێن كە وەزارەت رەزامەندیی لەسەر دەدات.
ئەو دو پەیمانگەیە لەلایەن بەڕێوەبەڕی گشتیی پەیمانگەكان و مەشق سیستەمی خوێندنەكەی دیاری دەكرێت، دواتریش لەژێر چاودێریی ئەوان دەبێت. بەرپرسەكەی وەزارەتی پەروەردە كردنەوەی ئەو پەیمانگەیانە بە پێویست دەزانێت بۆ قۆناخی داهاتووی هەرێمی كوردستان بەتایبەت كە ئێستا نەوت لە كوردستان بووەتە پیشەسازی و لە داهاتووشدا پێویستمان بە كادیری خۆماڵی دەبێت لەو كەرتە.