هەمو زانیاریەكان لەبارەی پرۆژەی (گاپ) بخوێنەرەوە

ئاو كەرەسەی مانەوەو بەردەوامبونی مرۆڤە، پەنابردنە بەر بەنداو بەمەبەستی گلدانەوەو پاشەكەوت كردنی بۆ باشتر بەكارهێنان‌و كۆنتڕۆڵكردنی رەوتی ئاو‌و تەحەكوم كردن بەچەندایەتی ئاو بەپێی پێویستی ئاودێری‌و رێكخستنی بەكارهێنانی لەكاتی وشكەساڵی‌و بێ‌ بارانیدا، هەروەها بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا‌و پێشخستنی توركیا لەرووی ئاودێرییەوە، ئامانجی دوورو نزیكی دەوڵەتی توركیایە لەپرۆژەی گاپ.
توركیا خوازیارە ببێتە وڵاتێكی بەهێز لەڕووی سامانی ئاوو بەسەر عێراق‌و سوریادا زاڵ بێت لەرێگەی گرتنەوەی سەرچاوەی ئاوی دیجلەو فورات‌و گلدانەوەی لەپرۆژەیەكدا، كە بەپڕۆژەی (پێشخستنی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ) (GAP) ناودەبرێت.
ئەم پڕۆژەیە كە رووبەرەكەی هێندەی رووبەری هەرسێ وڵاتی (هۆڵەندا، بەلجیكا، لۆكسەمبۆرگ)ە، لە۲۱ بەنداو و ۳۰ سیستەمی ئاودێری و ۱۷ بەرهەمهێنانی وزەی كارۆئاوی‌و  ۱۳ پرۆژەی دیكە پێكدێت.
لەسایەی هەلومەرجێكدا كە ئێستا نرخی ئاوی فرێش‌و خواردنەوە لەنرخی نەوت گرانترەو یەك لیتر ئاوی‌ كانزایی‌ توركی‌ بە 50 سەنتی‌ ئەمریكیە، لەكاتێكدا یەك لیتر نەوتی‌ عێراقی‌ 25 سەنتە، پڕۆژەی گاپ پلانێكی ستراتیژی توركیایە كە گەرەكیەتی لەداهاتوودا بازاڕی كڕین‌و فرۆشتنی ئاو پەرە پێبدات‌و لەڕێگەی راكێشانی بۆریەكانی ئاشتییەوە لەسوریاوە بەرەو ئیسرائیل‌و پاشان بەرەو سعودیەو وڵاتانی كەنداو، ئاوی فرێش بەو وڵاتانە بفرۆشێت كە تینوویانە، هەروەها بۆ ئەوەی ئاو وەك چەكێكی سیاسی‌و ئابوری بۆ ئامانجە ستراتیجیەكانی بەكاربهێنێت. هەرچەندە ئامانجی‌ بەنداوەكە وەك دەردەكەوێت بۆ دروستكردنی‌ وزەی‌ كارۆئاوی‌و چاككردنی كشتوكاڵە، بەڵام لەبنەڕەتدا بەمەبەستی ئاڵوگۆڕی ئاوە بە نەوت. وێڕای ئەوەش ئەگەر ئاو مەسەلەی یەكەم بێت بۆ عێراق‌و سوریا، ئەوە مەسەلەی ئەمنی‌و پەكەكە مەسەلەی یەكەمە بۆ توركیا‌و دەتوانێت لەم بوارەشدا ئاڵوگۆڕی پێوە بكات لەگەڵا ئەو وڵاتانە.
گاپ یەكێكە لەگەورەترین پڕۆژەكانی جیهان، كە هەردوو روباری دیجلەو فوراتی تێدا بەیەكدەگەیەنرێت، ئاوی 8 ملیۆن‌و 500 هەزار هێكتار زەوی دەدات‌و هەلی كاركردن بۆ هەزاران هەزار هاوڵاتی ئەو وڵاتە دەستەبەر دەكات. لەم پڕۆژەیەدا، بەنداوی ئەتاتورك گەورەترین بەنداوە كە لەسەر روباری فورات دروستدەكرێت لەئۆرفەی باكوری كوردستان‌و بەنداوی ئەلیسۆش گەورەترین‌و دیارترین بەنداوە كە لەسەر روباری دیجلە دروستدەكرێت لەناوچەی هەكاری. 
جێی ئاماژەیە، توركیا دەوڵەمەندترین وڵاتی ناوچەكەیە لەئاودا، كە 120 دەریاچەی سروشتی‌و 579 دەریاچەی دەستكردی تیایە، 615 روباری هاوبەشی لەگەڵا وڵاتانی تر هەیە، 238 لەگەڵا بولغاریا‌و یۆنان 243 ئەرمینیا‌و جۆرجیا‌و بەهۆی دیجلەو فورات‌و لقەكانیشییەوە لەگەل وڵاتانی سوریا‌و عێراقدا لەئاودا هاوبەشە.
 
 
گۆڤاری ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی