وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایدەگەیەنێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم مانگەوە نەوت لە بەندەری جیهان دەفرۆشێت.
راوێژکارێکی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاندوە، وتەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری وزەی تورکیا سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان روون و ئاشکران و پێویست بە شیکاری زیاتر ناکات، جەختیشیکردەوە کە لەسەرەتای ئەم مانگەوە نەوت لە رێی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە بەندەری جیهان دەفرۆشرێت.
راوێژكارەكەی وەزارەتی سامانە سیرووشتییەكان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە گوتیشی “داوا لە کڕیارەکان دەکەین بۆ بەشداریکردنیان لە تەندەری فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەشداری بكەن”.
روونیشیكردەوە، بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ فرۆشتن، لە هەفتەی رابردووەوە هەناردەکردنی نەوت بۆ بەندەری جیهان دەستی پێکردووەتەوە بۆ زیادکردنی ئەو بڕەی کە عەمبارکراوە بۆ دوو ملیۆن بەرمیل یان زیاتر. جەختیشیکردەوە کە فرۆشتنی ئاسایی نەوت لە ئێستاوە دەستپێدەکات و بەردەوام دەبێت.
راوێژکارەكەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان راشیگەیاند، لە گەرماوگەرمی کەمپینی هەڵبژاردنەکان و بەمەبەستی پێدانی کاتی زیاتر بە حكومەتی عێراق بۆ سەرخستنی وتووێژەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جیهانی تورکیا راوەستابوو، بەڵام هەڵویستی تووندی مالیکی دژی کورد و گەمارۆی ئابووری و بڕینی بودجە، کوردی هاندا کە پێداگری لە مافە دەستوورییەکانی بکات.