بە بریاری پارێزگاری سلێمانی، 134 یەکەی نیشتەجێ‌ بوون، دەدرێت بە نوسەران و رۆژنامەنووسان

بە بریاری پارێزگاری سلێمانی، 134 یەکەی نیشتەجێ‌ بوون، دەدرێت بە نوسەران و رۆژنامەنووسان و هونەرمەندان و وەرزشکاران.
یەکەکەکان بە نرخی تێچوون، بە چەند مەرجێک دەدرێت بەو چین و توێژانە، مەرجە سەرەکییەکانیش بریتین لەوەی ئەو کەسە پێشتر سودمەند نەبووبێت و کەسێکی چالاک بووبێت لە بوارەکەی خۆیدا و شوێنی دەستی دیار بێت و تەمەنی لە چل ساڵ کەمتر نەبێت.
ئەو 134 یەکەی تەرخانکراوە دەکەونە پرۆژەکانی دیلان سیتی، شاری سپی ، چوارچرا، لە سلێمانی و  وەک مەرج لەبەرامبەر هاوکارییەکانی حکومەتی هەرێم بۆ ئەو پرۆژانەی نیشتەجێ‌ بوون ئەو یەکانە تەرخانکراوە بۆ ئەو چین و توێژانە.
بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەندیکاکانی هونەرمەندان و نوسەران و وەرزشکاران،بە ئامادەبوونی بەرێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی و بەرێوەبەری رۆشنبیری و هونەری سلێمانی، تاوتوێی میکانیزمی دابەشکردنی یەکەکانی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند دابەشکردنی لەبەرامبەر ماندووبوون و خزمەتی ئەو کەسانەیە کە توانیوویانە لە بوارەکانی ئەدەب و هونەر و وەرزشدا خزمەت بکەن و ئەو بوارە لە سلێمانی پێش بخەن.
پارێزگار تەئکیدی لە دابەشکردنی یەکەکان کردووە بەشێوەیەکی داد پەروەرانەو لە رێگەی فۆرمەوە.
جێگەی باسە لە ئێستا یەکەکان ئامادەن و سەندیکاکانی پەیوەندیدار راسپێدراون بە ئامادەکردنی بۆ دیاریکردنی ئەو کەسانەی موستەهەقی وەرگرتنی ئەو یەکانەن. 
 
ز.ر