نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكرێت

وه‌زیری وزه‌ی توركیا ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ زیاتر له‌ 100 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌بكات، داهاتی زیاده‌كه‌ی بۆخۆی ده‌بێت.
وه‌زیری وزه‌ی توركیا تانه‌ر یڵدز له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا باسی سه‌ردانی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ توركیا و فرۆشتنی نه‌وتی كوردستان بۆ بازاری جیهانی كرد و وتی: “سه‌ردانی نێچیرڤان بارزانی و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا زۆر به‌ ئه‌رینی به‌رێوه‌چوو، پێشتر وه‌زیری نه‌وتی عێراق عه‌بدولكه‌ریم لوعێبی سه‌ردانی توركیا كرد و رایگه‌یاند كه‌ رۆژانه‌ نزیكه‌ی سه‌د هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌كرێ و داهاته‌كه‌ بۆ بودجه‌ی عێراق ده‌روات.”
یڵدز له‌ به‌رده‌وامی قسه‌كانیدا وتی: “نێچیرڤان بارزانی و ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێم له‌باره‌ی ناردنی نه‌وتی هه‌رێم كار ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر بڕی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان زیاتر له‌ سه‌د هه‌زار به‌رمیل بێت، ئه‌وه‌ی دیكه‌ ده‌بێته‌ داهاتی خودی هه‌رێم.
وتیشی: هه‌موومان ده‌زانین كه‌ ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌كی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایه‌، ئه‌مه‌ یه‌كێك له‌و رێگایانه‌یه‌ كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاسایی بوونه‌وه‌ی ره‌وشی ئه‌منی و داهاتی عێراق هه‌یه‌، سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌ زۆر گرنگه‌، نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ بازاری جیهاندا ده‌بیته‌ خاوه‌ن جێگه‌یه‌كی گرنگ.”